پارتی: لەسەر زۆر بابەت لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ یەکێتی دروستبووە


رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و رایگەیاند، بۆ پێکهێنانی حکومەت، "لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دروست بووە".
 
پارتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، باسی لە پێکهێنانی حکومەت، کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، گۆڕانکارییەکانی سووریا و لوبنان، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هاتنی شاندێکی دەم پارتی بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها پەیوەندییەکانی حیزبەکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە.
 
لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، پارتی دەڵێت، دواى راگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن، لیژنەی دانوستاندنی حیزبەکە سەردانى تەواوى ئەو لایەنە سیاسییانەى کردووە کە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە. 
 
باس لەوەش دەکات: "بیروڕاگۆڕینەوە و زەمنەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بوو و، لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و چاوەڕوانین لەکاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتیى پەرلەمان و کابینەى نوێ لەسەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزى لەشکر، رابگەیەندرێ". 
 
ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گەیشتە هەولێر. بڕیارە سبەی کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکات. ئەمە بەشێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی بوو.
 
پارتی لە کۆبوونەوەکەیدا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا "بە گرنگ و کاریگەر" ناساند و رایگەیاند "پێویستى بە زەمینەخۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمان بکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت، هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەمبارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەرووى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە".
 
بەشێکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا و کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی بوو لەگەڵ مەزڵووم عەبدی: "هەوڵەکانى سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوە و پێکەوەکارکردنى لایەنە کوردییەکانى سووریا لەپێناو ئەوەى بەیەکەوە بەشێکى سەرەکیى گفتوگۆکانى دامەزراندنەوەى سوریاى نوێ بن، بە گرنگ و ئامانجدار هەڵسەنگێندران. لایەنە ئەرێنى و نەرێنییەکانى گۆڕانکاریى سووریا لەسەر پەیوەندییەکانى وڵاتانى نەوچەکەش خوێندنەوەى پێویستى بۆ کرا".
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، پارتی دەڵێت، "لە سەرەتاى دامەزراندنى کابینەى محەممەد شیاع سوودانى، لەسەر بنەماى رێککەوتنى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى و لایەنەکانى سوونى، هەوڵەکانمان بە ئاراستەى پشتگیریى حکومەت بۆ بەڕێوەچوونى کار و خزمەتى خەڵک و جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت بووە".
 
سەبارەت کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە، مووچە و جێبەجێنەکردنى بڕگەکانى رێککەوتنەکان، پارتی "جەختى لە چارەسەرکردنى کێشەکان لە روانگەى دەستوور و رێککەوتنەکان کردوە" و "دووپاتیکردەوە شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان بە سیاسى نەکرێن و مادە دەستوورییەکان وەکو ئەوەى کە لە دەستووردا هاتوون خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێن. هەروەها کۆبوونەوە پشتیوانیى خۆى بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەری هەمیشەیى گیروگرفت و کێشەکان".
 
لە کۆبوونەوەکەدا، باسی گۆڕانکارییەکانی لوبنانیش کرا. پارتی دەڵێت، "دوابەدواى رووبەڕوبوونەوەکانى حیزبوڵڵا و دەوڵەتى ئیسرائیل و، ئاستى شەڕ و پێکدادانەکان و کاریگەرییان لەسەر دانیشتوانى سەرتاسەرى لوبنان و کۆچى بەکۆمەڵى لوبنانییەکان بۆ دەرەوە، هەروەها مامەڵەى وڵاتان لەگەڵ ئەم رەوشە نالەبارە و کردەوە خوێناوییانە، گۆڕانکارى لە دید و بۆچوونى لایەنە سیاسییە جیاجیاکانى لوبنان دروستکرد و، بۆ دواى رێککەوتن و ئاگربەست پەیوەندییە ناوخۆیى و دەرەکییەکانى لوبنان گۆڕانکاریی ریشەییان بەسەرداهات، بەجۆرێک هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستدا دامەزراوەکانى وڵاتەکە (سەرۆکى لوبنان و حکومەت) کە ماوەیەکى زۆربوو ئاستەنگیان بۆ دروستکرابوو، هەڵبژێردران و دەستبەکاربوون، ئەم زەمینەیە و کارابوونەوەى دامەزراوەکان کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و، رۆڵ و پەیوەندییەکانى حیزبوڵڵا لە ناوچەکە دا".