وەزارەتی خوێندنی باڵا ''دیداری کەزی'' بۆ خانمانی ئەکادیمی رێکدەخات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، دیداری "کەزی" بۆ خانمانی ئەکادیمی لە زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان ئەنجام دەدات. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئامانج لە دیدارەکە بەهێزکردنی رۆڵی خانمانە لە ناوەندەکانی بڕیار و داڕشتنەوەی سیاسەتی گشتیی زانکۆکان.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، بە چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا "دیداری کەزی بۆ خانمانی ئەکادیمی" لە ئاستی زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
 
سەبارەت بە بەشداربووانی دیدارەکە، عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوە کرد، تایبەتە بەو خانمە ئەکادیمییانەی لە سەرۆکایەتیی زانکۆکان، کۆلێژەکان و بەشە جیاوازەکانی زانکۆ و پەیمانگەکاندا خاوەن رۆڵ و بەرپرسیارێتین، یان لە کایە زانستییەکاندا وەک مامۆستا و توێژەر کار دەکەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا تیشکی خستەسەر تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە و گوتی، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەری بنەڕەتی دەکرێت کە بریتین لە، "رۆڵی خانمان لە سەرکردایەتیکردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، رۆڵی خانمان لە پرۆسەی بنیادنانی کارامەیی و داهێنان و رۆڵیان لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدان."
 
عەباس ئەکرەم باسی لەوەش کرد، "ئەم دیدارە تەنیا بۆ گفتوگۆ نییە، بەڵکو لە کۆتاییدا سەرجەم راسپاردە و پێشنیازەکان ئامادە دەکرێن و دەکرێنە بنەمایەک بۆ ریفۆرمی سیاسەتی گشتی لە وەزارەت، بە مەبەستی بەهێزکردنی زیاتری پێگەی خانمان و زیادکردنی کاریگەرییان لە ناوەندە زانستی و کارگێڕییەکانی خوێندنی باڵادا."