بڕیاری هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان: سبەی پێکەوە بەشداری لە کۆنفرانسی گشتیی دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، سبەی کۆنفرانسی گشتیی بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆن لە شاری کەرکووک بەڕێوە دەبەن، بەرپرسێکی بزووتنەوەکە لە گردی زەرگەتە دەڵێت، ئەوانیش بڕیاریانداوە سبەی بەشداریی بکەن.
 
کارزان عەزیز گەردی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کە گردی زەرگەتە بارەگای سەرەکییانە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بڕیارماندا و سبەی ئێمەش بەشداریی لە کۆنفرانسی گشتیی دەکەین".
 
رێبەند ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) لە سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی کاژێر 08:00ی بەیانی تاوەکو 12:00ی نیوەڕۆ کۆمیسیۆن دەرگای چوونە ژوورەوەی کۆنفرانس دەکاتەوە و هەموو ئەوانەی مافیان هەیە دەبێ لەو ماوەیەدا بچنە هۆڵی کۆنگرە."
 
2100 ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان کە ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەکە ناویان لە بەغدا تۆمار کراوە مافی بەشداربوونیان هەیە لە کۆنفرانسەکەی گۆڕاندا.
 
کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کام لەو دوو ئاراستەیە کە هەردوولایان خۆیان بە خاوەنی بزووتنەوەکە دەزانن، نەیانتوانیوە بە فەرمی خاوەنداریی ئەو حیزبە بەدەستبێنن.
 
2ی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی (بزووتنەوەی گۆڕان)ـەوە بڵاویان کردەوە، ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەکە رایگەیاند، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 16ی شوبات وەک کاتی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکووک دیاریکراوە و پێیەوە پابەندن.
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان لەوە ئاگادار کراونەتەوە، ئەو کەسانەی مافی بەشداربوونیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە ئەوانەن ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی گۆڕان ناویان لە بەغدا تۆمار کراوە و ژمارەیان زیاترە لە 2100 کەس.
 
بزووتنەوەی گۆڕان ئاراستەی گردی زەرگەتە دەیانەوێ، سبەی لە کۆنفرانسدا لە کەرکووک رێکخەر هەڵبژێرن، بەڵام ئاراستەکەی دیکە تاوەکو ئێستا دژی ئەوەن رێکخەر لە کۆنفرانسی گشتیدا هەڵبژێردرێت.
 
5ی ئەم مانگە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەم قۆناخە تەنیا بە کاری پێکەوەیی و یەکڕیزی تێدەپەڕێ، ئامانجمان ئەوەیە هەمووان بەیەکەوە و بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بەرەو کۆنفرانس هەنگاو بنێین بۆ تێپەڕاندنی رێوشوێنە یاساییەکان و نوێکردنەوەی خەباتی سیاسیی بزووتنەوەکە."
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان پێکەوە و بە جیاش ساڵی رابردوو کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی کۆمیسیۆن و خاوەنداریکردنی فەرمیی جووڵانەوەکە سەرکەوتوو نەبوون.
 
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
 
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێنەدرا.
 
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
 
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.