مەزڵووم عەبدی بۆ رووداو: دەمانەوێ حوکمێکی کوردیی خۆجێییمان هەبێ
رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، بۆ چوونیان بۆ کۆنفرانسی میونشن لە ئەڵمانیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکاریان بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکانی ئەوان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی جیهان یەک ئامانجیان هەبووە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن لە ئەڵمانیا، ئەمڕۆ 15ـی شوباتی 2026، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بەڕێوەبرد.
مەزڵووم عەبدی گوتی، حکومەتی سووریا کێشەی لەگەڵ "ناو و شێوەی" دەسەڵاتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان هەیە؛ گوتیشی: "ئێمە گوتمان گرنگ ئەوەیە بە هەر شێوەیەک بێ کورد هەرێمی خۆی بەڕێوەببات".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاریکردنی شاندی رۆژئاوای کوردستان بە چوونیان بۆ کۆنفرانسی میونشن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموو کەس [لە بەرپرسانی وڵاتان] لەگەڵ ئەوەدان کورد مافی خۆی هەبێ، تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان لەبەرچاو بگیرێ، هێرش نەکرێتە سەر ناوچە کوردییەکان، کوردیش بتوانن هەرێمی خۆیان بەڕێوە ببەن".
دەقی پرسیار و وەڵامی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی مەزڵووم عەبدی
پرسیاری رووداو: پرسیارم لە وەزیری دەرەوەی سووریا کرد، گوتی کورد داوای ئۆتۆنۆمی نەکردووە، کورد داوای ئۆتۆنۆمی کردووە؟
مەزڵووم عەبدی: دەوڵەتی سووریا کێشەی ناو و ناونیشانەکەیان هەیە [بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان]، ئێمەش دەڵێین هەر ناوێکی هەبێ با هەیبێ، بەڵام حوکمێکیی ناوچەیی کوردیی هەبێ، گرنگ ئەوەیە بە هەر شێوەیەک بێ کورد هەرێمی خۆی بەڕێوەببات.
پرسیار: کۆبوونەوەکانتان گرنگ بوون، بەڵێنتان پێدراوە پشتگیریتان بکەن، بەتایبەت پشتگیریی بۆ ئۆتۆنۆمی؟ چی گرەنتییەکیان پێدان؟
مەزڵووم عەبدی: [لە کۆبوونەوەکانمان]هەموو کەس لەگەڵ ئەوەدا بوون کورد مافی خۆی هەبێ، تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان لەبەرچاو بگیرێت، هێرش نەکرێتە سەر ناوچە کوردییەکان، کوردیش بتوانن هەرێمی خۆیان بەڕێوە ببەن.
پرسیار: کۆبوونەوەی جەنابتان لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن بوو؟ هەروەها ئەگەر جارێکی دیکە گرووپە چەکدارەکان هێرش دژی کورد بکەن، ئایا حکومەتی سووریا توانای هەیە بەرگری لە هەموو سووریاییەکان بکات بێ جیاوازی؟
مەزڵووم عەبدی: ئێمە سوپاسی جەنابی سەرۆکی هەرێممان کرد، کە ئەویش هاوکار بوو کە ئێمە هاتین بۆ ئێرە. ئێمە پێکەوە کارێکی باشمان کرد، شاندی کوردی وەکو یەک دەبینین. راستە جیا کار کراوە، بەڵام ئامانج هەر یەک بووە لە کارەکان، پێموایە کاری زۆر ئەرێنی کراون.
پرسیار: لەو کۆبوونەوانەی کردووتانە داواتان کردووە بەرپرسانی نێودەوڵەتی سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵی لە هەموو کۆبوونەوەکاندا گوتوومانە؛ گوتوومانە دەبێ میکانیزمێکی گەرەنتی بۆ پێکهێنانی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ دیمەشق کردوومانە.
پرسیار: هەسەدە وەک سێ لیوا بەشدار دەبن لە سوپای سووریا، ئێوە لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق باستان لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ کردووە بۆ رۆژئاوای کوردستان؟
مەزڵووم عەبدی: بۆ ئێمە هیچ کێشەیەک نییە هەموو گەنجێکی کورد بگەڕێتەوە و لە نێو ئەو چوار لیوایە و هێزی ژندا جێگە بگرن، کە پێکدەهێندرێت لەنێو سوپای سووریادا. پێشمەرگەی رۆژیش دەتوانن تێیدا بەشداربن و کاری خۆیان بکەن، ئەوەش بۆ پاراستنی رۆژئاوا پێویستە.
پرسیار: لەگەڵ ئەمریکی و بەریتانییەکان کۆبوونەوەتان هەبوو، هیچ گەرەنتییەک هەیە ئەو ئاڵۆزییانەی پێشتر روویاندا لە رۆژئاوا دووبارە نەبنەوە؟
مەزڵووم عەبدی: ئێمە داوامان لە هەموو کەسێک کردووە کە ئەوەی روویدا دووبارە نەبنەوە، ئەگەر دووبارە ببنەوە دەبێ هەڵوێستێک هەبێ، هەروەها داوامان کردووە میکانیزمێک بۆ پێکهێنانی رێککەوتنەکە بکرێت.
پرسیار: زانیاری هەن گفتوگۆتان لەگەڵ ئەمریکییەکان کردووە لەبارەی پێدانی ئۆتۆنۆمی، ئەوە راستە؟
مەزڵووم عەبدی: نەچووینەتە نێو وردەکاریی ئەم بابەتانە، بەڵام ئێمە هەڵوەستەمان لەسەر ئەوە کردووە، کە پێویستە تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان پارێزراو بێت.