حەڤدەیەمین پێشانگای کتێب لە پارێزگای ورمێ دەستیپێکرد؛ 315 وەشانخانە بەشدارن

 
رووداو دیجیتاڵ

حەڤدەیەمین پێشانگای کتێب لە پارێزگای ورمێ دەستیپێکرد، 315 وەشانخانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە تێیدا بەشدارن.
 
مەهدی ئەعزەمی، نووسەر لە ورمێ دەڵێت، "پێشانگای ئەم ساڵ زۆر گەورەترە لە ساڵانی رابردوو، بەڵام نرخەکان بە رادەیەک گران بوون کە ئەگەر بەنیازی کڕینی 10 کتێب هاتبی بۆ پێشانگا، ئەوپەڕی بە چوار کتێبەوە دەگەڕێیەوە."
 
سەردانکەرانی پێشانگاکە لەچاو ساڵان نەگۆڕاوە، بەڵام گرانبوونی نرخی کتێب بەشی زۆریانی کردووەتە تەماشاچی و بەشێکیان بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە.
 
سابیر مەلەکی، کتێبفرۆش ئاماژەی بەوە کرد، خوێنەر و قوتابیان دێن و سەردان دەکەن، بەڵام کاتێک چاویان بە نرخەکان دەکەوێت، سڵ دەکەنەوە و دەڕۆن، دۆخی ئابووریی خەڵک کاریگەریی زۆری لەسەر بێبازاڕیی ئەم ساڵ هەیە.
 
بەشێک لە سەردانکەرانی پێشانگاکە بۆچوونی جیاوازیان هەیە و پێیان وایە نابێت گرانیی نرخ بکرێتە بیانوو بۆ نەکڕین و نەخوێندنەوە.
 
مەعسومە نەزەری، خوێندکاری زانکۆ لە ورمێ باسی لەوە کرد، راستە نرخەکان گرانن، بەڵام ئەوە "نابێت ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی بڵێین چیدیکە کتێب ناخوێنینەوە، نابێت کتێب لەنێو ماڵەکان ببڕدرێت و پێویستە ئەو کولتوورە هەر بمێنێت."
 
شەهلا دەروێشی، خوێندکاری زانکۆ لە سەقز بە هەمان شێوە جەختی لە گرانیی کتێبەکان کردەوە، بەڵام ئەوەی خستەڕوو، ئێستا هەموو شتێک گران بووە و تێچووی کتێبێک هێندەی ژەمە خواردنێکە، بەو جیاوازییەی کتێب هەتا هەتایە وەکو سەرمایەیەک لات دەمێنێتەوە.
 
لە 17ـیەمین پیشانگای کتێبی پارێزگای ورمێ 125 هەزار کتێب بە 25 هەزار ناونیشانی جیاواز بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئازەری، ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە هەن.