ئیبراهیم شێخۆ بۆ رووداو: تاوەکو هەینی یەکەم کاروانی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە عەفرین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین رایگەیاند، کاروانێکی ئاوارەکانی ئەو شارەی رۆژئاڤای کوردستان دەگەڕێنەوە کە 400 خێزانن و ئەوە یەکەم کاروانە کە بەگوێرەی رێککەوتنی حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بگەڕێنەوە.
یەکشەممە 15ی شوباتی 2026، ئیبراهیم شێخۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤ لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بە هاوئاهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا، تاوەکو رۆژی هەینی (20ی شوبات) یەکەم کاروانی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە عەفرین و ئەوە یەکەم کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکانە بەگوێرەی رێککەوتنی هەردوولا.
هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ناوەڕۆکی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە بۆ راگرتنی شەڕ لە نێوانیان.
ئیبراهیم شێخۆ رایگەیاند: "کاروانی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین کە لە دواى کاروانى یەکەم دەگەڕێنەوە 600 خێزانن."
ئەو هاونیشتمانییانەى شاری عەفرین، ئەوانەن کە لە سەروبەندى داگیرکردنی ئەو شارە لە لایەن گرووپە چەکدارەکان لە ساڵی 2018 و ساڵانی دواتر ئاوارە بوون.
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، نزیکەی 300 هەزار هاونیشتمانى عەفرین ئاوارە بوون و تاوەکو ئێستا 200 هەزاریان گەڕاونەتەوە و هەندێکی دیکەیان لە هەرێمی کوردستان یان لە وڵاتانی دیکەن، ئێستاش نزیکەی چوار هەزار خێزانی ئاوارە لەو ناوچانەن کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان.