ئاراستەیەکی گۆڕان: سبەی کۆنفرانسی گشتی بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان کە بارەگایان لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانییە رایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان تەواوکراون و سبەی کۆنفرانسی گشتی بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆن لە شاری کەرکووک بەڕێوەدەبەن. بڕیارە ئەمڕۆ ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکەش هەڵوێستی خۆیان بخەنەڕوو.
 
رێبەند ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی کاژێر 08:00ی بەیانی تاوەکو 12:00ی نیوەڕۆ کۆمیسیۆن دەرگای چوونە ژوورەوەی کۆنفرانس دەکاتەوە و هەموو ئەوانەی مافیان هەیە دەبێ لەو ماوەیەدا بچنە هۆڵی کۆنگرە."
 
رێبەند ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، 2100 ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان کە ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەکە ناویان لە بەغدا تۆمار کراوە مافی بەشداربوونیان هەیە و دەتوانن سبەی لە شاری کەرکووک بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن.
 
ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەوانیش خۆیان بە خاوەنی حیزبەکە دەزانن بە ئاراستەی گردی زەرگەتە ناسراون، تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی بەشداربوون یان نەبوونیان لە کۆنفرانسی سبەی رانەگەیاندووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە بەرپرسانی گۆڕان لە گردی زەرگەتە وەریگرتوون، ئەو ئاراستەیەی حیزبەکە ئەمڕۆ هەڵوێستی فەرمیی خۆیان رادەگەیێنن، کە ئایا دەبنە بەشێک لە کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەکە لە کەرکووک یان رەتیدەکەنەوە.
 
کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کام لەو دوو ئاراستەیە کە هەردوولایان خۆیان بە خاوەنی بزووتنەوەکە دەزانن، نەیانتوانیوە بە فەرمی خاوەنداریی ئەو حیزبە بەدەستبێنن.
 
2ی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی (بزووتنەوەی گۆڕان)ەوە بڵاویان کردەوە، ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەکە رایگەیاند، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 16ی شوبات وەک کاتی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکووک دیاریکراوە و پێیەوە پابەندن.
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان لەوە ئاگادار کراونەتەوە، ئەو کەسانەی مافی بەشداربوونیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە ئەوانەن ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی گۆڕان ناویان لە بەغدا تۆمار کراوە و ژمارەیان زیاترە لە 2100 کەس.
 
بزووتنەوەی گۆڕان ئاراستەی گردی زەرگەتە دەیانەوێ، سبەی لە کۆنفرانسدا لە کەرکووک رێکخەر هەڵبژێرن، بەڵام ئاراستەکەی دیکە تاوەکو ئێستا دژی ئەوەن رێکخەر لە کۆنفرانسی گشتیدا هەڵبژێردرێت.
 
5ی ئەم مانگە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکەی کوردسات کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، "ئەم قۆناخە تەنیا بە کاری پێکەوەیی و یەکڕیزی تێدەپەڕێ، ئامانجمان ئەوەیە هەمووان بەیەکەوە و بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بەرەو کۆنفرانس هەنگاو بنێین بۆ تێپەڕاندنی رێوشوێنە یاساییەکان و نوێکردنەوەی خەباتی سیاسیی بزووتنەوەکە."
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان پێکەوە و بە جیاش ساڵی رابردوو کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی کۆمیسیۆن و خاوەنداریکردنی فەرمیی جووڵانەوەکە سەرکەوتوو نەبوون.
 
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
 
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێنەدرا.
 
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
 
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی. خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی."