وەزارەتی کارەبا: نیوەی هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 73 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی پسوولەی کارەبای هاوبەشانی ماڵانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی "رووناکی" بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان، نیوەی ماڵان کەمتر لە 73 هەزار دینار و 80٪ی ماڵانیش کەمتر لە 160 هەزار دینار پسوولەیان بۆ گەڕاوەتەوە. هاوکات وەزارەتەکە بڕیارێکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی بڕی پارەی پسوولەکان راگەیاند.
وەزارەتی کارەبا: نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە
وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا خۆشحاڵی خۆی بە راگەیاندنی پاڵپشتی بۆ هاوبەشانی ماڵان و داتاکانی پڕۆژەی رووناکی دەربڕی. حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نرخەکانی کارەبا نەگۆڕاون و هەر گۆڕانکارییەکیش پێویستی بە پەسەندکردنی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە.
حکومەت ئاماژە بەوە دەکات کە ئاگاداری بەرزبوونەوەی بڕی پسوولەی هەندێک لە ماڵانە لەم زستانەدا، بۆیە بە جدی لە بابەتەکە دەڕوانێت و دەیەوێت ئەو بارگرانییە لەسەر شانی هاووڵاتییان هەڵبگرێت.
لێخۆشبوونی 20٪ی پارەی کارەبا
وەک پاڵپشتییەک بۆ هاوبەشانی ماڵان، وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە: تاوەکو رێککەوتی 12ی مانگی 3، هەر بڕە پارەیەک کە هاوبەشان لە رێگەی سەکۆی "ئی-پسوولە"وە بیدەن، چ پارەی رووناکی بێت یان قەرزی کۆن، ئەوا رێژەی 20٪ی ئەو بڕە پارەیەیان لەسەر پسوولەی مانگەکانی داهاتوو بۆ کەم دەکرێتەوە.
داتای وردی پسوولەکان بەپێی پارێزگاکان:
وەزارەتی کارەبا بۆ بەرچاوڕوونی رای گشتی، زانیاری وردی پسوولەکانی بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە، کە تێکڕای خوولەکە 45 رۆژ بووە: تێکڕای هەرێمی کوردستان:
• 50٪ی هاوبەشان: کەمتر لە (73,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 853 کیلۆوات کاتژمێر).
• 80٪ی هاوبەشان: کەمتر لە (160,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 1,469 کیلۆوات کاتژمێر).
2. هەولێر:
• نیوەی هاوبەشان: کەمتر لە (83,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 958 کیلۆوات کاتژمێر).
• 80٪ی هاوبەشان: کەمتر لە (177,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 1569 کیلۆوات کاتژمێر).
3. سلێمانی:
• نیوەی هاوبەشان: کەمتر لە (54,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 661 کیلۆوات کاتژمێر).
• 80٪ی هاوبەشان: کەمتر لە (118,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 1,195 کیلۆوات کاتژمێر).
4. دهۆک:
• نیوەی هاوبەشان: کەمتر لە (102,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 1,061 کیلۆوات کاتژمێر).
• 80٪ی هاوبەشان: کەمتر لە (224,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 1,759 کیلۆوات کاتژمێر).
5. هەڵەبجە:
• نیوەی هاوبەشان: کەمتر لە (42,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 540 کیلۆوات کاتژمێر).
• 80٪ی هاوبەشان: کەمتر لە (81,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە (تێکڕای بەکارهێنان 906 کیلۆوات کاتژمێر).
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بڕی پسوولەکان
وەزارەتی کارەبا گەڕانەوەی بڕە پارەیەکی زۆر لە پسوولەکاندا بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنێتەوە:
1- درێژیی خولی پسوولە: تێکڕای خولەکە 45 رۆژ بووە نەک 30 رۆژ، ئەمەش وایکردووە بڕی کارەبای بەکارهاتوو زیاتر بێت. بۆ نموونە ئەگەر لە 30 رۆژدا 400 کیلۆوات بە نرخە کەمەکە ئەژمار بکرێت، لە 45 رۆژدا 600 کیلۆوات بەو نرخە ئەژمار دەکرێت، بۆیە هاوبەشان هێشتا لە نزمترین ئاستی نرخدا ماونەتەوە.
2- زیادبوونی بەکارهێنان: بەهۆی سەرمای نائاسایی ئەم زستانە، هاووڵاتییان زیاتر پشتیان بە ئامێرە گەرمکەرەوە کارەباییەکان بەستووە. هەروەها ئەمە یەکەم وەرزی زستان بوو کە هاوبەشان کارەبای 24 کاتژمێرییان هەبوو، ئەمەش پێویستی بە کاتە تاوەکو هاووڵاتییان لەگەڵ شێوازی بەکارهێنانەکەیدا رابێن.