لە قوتابخانەیەکی ئامەد 650 قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژارد
رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەی تایبەتی حورییەت لە ئامەدی باکووری کوردستان، 650 قوتابی دەخوێنن و سەرجەمیان وانەی زمانی کوردییان وەک وانەی بژاردە هەڵبژاردووە. بۆ وانە گوتنەوە بەو سەتان قوتابییە، دوو مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندراون و دیوارەکانی قوتابخانەکەش بە نووسینی کوردی رازێندراونەتەوە.
قوتابییانی پۆلەکانی 5، 6، 7 و 8ـی بنەڕەتی، لە ئەلفوبێی کوردییەوە تاوەکو ژمارە و رەنگەکان، پەندی پێشینان و چیرۆک و گۆرانیی کوردی فێردەکرێن. منداڵان بە گۆرانیی کوردییەوە بۆ وانەی کوردی ئامادە دەکرێن و گۆرانیی "شیرین و خۆشە زمانی کوردی" لەسەر زاریانە.
ئەو قوتابییانەی زمانی دایک دەزانن هەنگاوێک لە پێش هاوڕێکانیانن
خەلات ئەرتووش، مامۆستای زمانی کوردی، دەڵێت: ئەو قوتابییانەی کوردی دەزانن، متمانەیان بەخۆیان زیاترە و باس لەوە دەکات، "لەنێو قوتابییەکانماندا، ئەوانەی کوردی دەزانن، چونکە زمانی دایکی خۆیان دەزانن، لەنێو قوتابییاندا سەرکەوتووترن و هەر لە بنەڕەتدا متمانەیان بەخۆیان زیاترە. بەراورد بە هاوڕێکانیان هەمیشە هەنگاوێک لەپێشترن."
لەو قوتابخانە تایبەتەدا، تەنانەت لە رێڕەوەکانیشدا، رستەی کوردی دەبینرێن. نووسینەکانی سەر دیوارەکان و ئەو ئاوازانەی لە پشت دەرگاکانەوە دێن، جۆش و خرۆشێکی بێوێنە دروستدەکەن.
پەیامی قوتابییان
ئەو قوتابییانەی کە وانەی کوردی دەخوێنن، هەستی خۆیان بەمجۆرە دەربڕی:
- "زۆر حەزم لە وانەی کوردییە. زمانمان کوردییە، بۆیە حەزم لە کوردییە."
- "لە وانەی کوردیدا حەزم لە چیرۆکەکانە."
- "زۆر حەزم لە کوردییە. دەخوازم هەموو منداڵان بە کوردی قسە بکەن و فێری بن."
- "لەگەڵ دایکم بە کوردی قسە دەکەم، لەگەڵ باوکم بە کوردی قسە دەکەم. زمانی کوردی زۆر خۆشە. دەخوازم زۆر منداڵ فێری کوردی بن."
- "گۆرانییە کوردییەکان زۆر خۆشن. زۆر بە جوانی دەیڵێنەوە. منیش دەیڵێمەوە."
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە "زمانی کوردی هەڵبژێرن"
لە ئامەد زیاتر لە 100 قوتابخانەی تایبەت هەن، بەڵام قوتابخانەی ناوەندیی حورییەت تاکە قوتابخانەی تایبەتە کە وانەی کوردی تێدا دەگوترێتەوە. ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان دەنێرنە ئەم قوتابخانەیە، زمانی کوردی هەڵدەبژێرن.
ڤێدات کوشلای، بەڕێوەبەری کۆلێژی حورییەت، بانگەوازی ئاراستەی خێزانان کرد و گوتی: "دەمانەوێت منداڵان زمانەکەیان بە باشی بزانن و کولتوورەکەیان بە باشی بناسن. با دایک و باوکی منداڵانیش داوا لە قوتابخانەکانیان بکەن. داواکارییەکانیان بگەیێننە قوتابخانەکان. با وانە هەڵبژاردەییەکانی کوردی هەڵبژێرن."
لەو قوتابخانەیەدا دوو مامۆستای زمانی کوردی وانە دەڵێنەوە. هەریەکەیان هەفتانە 29 کاژێر وانەی کوردی بە منداڵان دەڵێنەوە.
پاشخان
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026دا 50 هەزار و 809 خوێندکار وانەی کرمانجی و 8 هەزار و 563 خوێندکار وانەی زازاکی ـیان هەڵبژاردووە، بە گشتی 59 هەزار و 362 خوێندکار وانەی کوردییان هەڵبژاردووە.
ئەنجامی هەڵبژاردنی وانەی بژاردە بۆ پۆلەکانی 5-6-7 و 8ی کرمانجی و زازاکی ئاشکرا کران. ئەنجامەکان دەریانخستووە لە ساڵی خوێندنی 2025-2026دا رێژەی ئەو خوێندکارانەی وانەکانی کرمانجی و زازاکییان هەڵبژاردووە نزیکەی لە 100٪ زیادیکردووە.