خۆڵبارین قوتابخانەکانی ئیلامی داخست

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە پارێزگای ئیلام کردووە، ئەمڕۆ دەوامی قوتابخانەکان کرایە پشوو و دەوامی فەرمانگە حکومییەکانیش کاژێرێک دواخرا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی شوباتی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی پارێزگاکەی گرتووەتەوە، بڕیاردرا ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە بکرێتە پشوو.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لە پشووی قوتابخانەکان، لە سەرجەم دامودەزگا و فەرمانگە حکومییەکاندا دەوام کاژێرێک درەنگتر دەستپێدەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی ئیلام، بەهۆی خۆڵبارینەکەوە کوالیتی هەوای پارێزگاکە دابەزیوە و بۆ منداڵان، نەخۆشان و کەسانی بەتەمەن مەترسیدارە؛ بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن ئەگەر "کاری زۆر پێویستیان نەبێت" لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
 
شەپۆلی خۆڵبارینەکە لە ئێوارەی دوێنێوە پارێزگای ئیلامی گرتووەتەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش بەهۆی زیادبوونی خێرایی با، چڕیی خۆڵبارینەکە زیاتر بووە.