یەکەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری دابەشکردنی یەکەم سەبەتەی خۆراک بە هەرێمی کوردستان دراوە. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێدەکات.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بەغداوە بڕیار بۆ دابەشکردنی یەکەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان دەرچووە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتی، "هەموو خۆراکێکی پێویست ئامادەیە بۆ دابەشکردن، جگە لە رۆنی شل، ئەویش بڕیارە لەم هەفتەیەدا بۆمان بنێردرێت."
کامەران فەتاح گوتیشی، دابەشکردنی بەشەخۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان یەکخراوە و پێکەوە دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا داوای لە بریکارەکانی خۆراک کردووە، کۆگە و دووکانەکانیان ئامادە بکەن و بۆ وەرگرتنی یەکەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ لە هەفتەی داهاتوودا.
پێرار 10 بەشەخۆراک و پاریش هەشت بەشەخۆراک دابەشکرا.
لە بەشەخۆراکی مانگانەدا یەک لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیوکیلۆ لەتکە نۆک دابەش دەکرێ.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.