کۆمپانیای جێبەجێکار: 15%ی کارەکانی دووسایدی دووکان – رانیە تەواو بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی دووکان بۆ رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەردەوامە و کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، سەرەڕای وەرزی زستان کارەکانیان نەوەستاوە و 15%ی پڕۆژەکە تەواو بووە.
 
پرۆژەی رێگەی (دووکان - چوارقوڕنەیە) لە ساڵی 2009وە بەردی بناخەی دانرا، بڕیاربوو پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ بکرێ، بەڵام یەک قۆناخیان تەواوکراو و پڕۆژەکە راگیرا و ئەیلوولی پار دەستیپێکردەوە.
 
کۆمپانیای گەردین جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە؛ ئەندازیار محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی مدیایی رووداوی گوت، "زستان کاریگەریی هەبوو لەسەر کارەکان، بەڵام شوێنی زۆرمان دانابوو بۆ ئەوەی لەکاتی باران و بەفردا کاری تێدا بکەین و کارمان نەوەستاند."
 
درێژی رێگەکە زیاتر لە 35 کیلۆمەترە. محەممەد ئەحمەد گوتی، "زۆرینەی کارەکانمان لە بڕین و پڕکردنەوەدا بوون، هەروەها سێ کیلۆمەترمان دوو چین قیرتاوکردووە و بەڕووی شۆفێراندا کردوومانەتەوە."
 
بە گوتەی ئەو ئەندازیارەی پڕۆژەکە، رێگەکە "زۆر سەختە" و نزیکەی یەک ملیۆن و نیو مەترسێجا بڕینیان تەواو کردووە.
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا نزیکەی 120 کەس لە پڕۆژەکەدا کار دەکەن و دوای تەواوبوونی زستان دەیکەنە زیاتر لە 400 کەس و ئامێری زیاتر بۆ زووتر تەواوکردنی پڕۆژەکە دابین دەکەن، کە هەزار رۆژی بۆ دیاریکراوە.
 
هەموو رێگەکە 53 کیلۆمەتر و نیوە؛ پێشتر 18 کیلۆمەتر و نیوی لەلایەن هەمان کۆمپانیاوە تەواو کراوە.
 
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی (دووکان - چوارقوڕنە) دەبێتە رێگەی سەرەکی  نێوان سلێمانی- رانیە، پێشتر رێگەی سلێمانی بۆ قەزای دووکان کراوە بە دووساید، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەش، رێگەکە لە رانیەوە بۆ سلێمانی دەبێتە دوو ساید.