هاتووچۆی هەڵەبجە: لە 17ـی ئادارەوە تابلۆی ئۆتۆمبێل دابەش دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
هاتووچۆی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، لە رۆژی یەکشەممە، 17-03-2024ـەوە دەست بە دابەشکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکات.
 
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە، لە یەکشەممەوە، بە کۆدی ژمارە 23 کە تایبەتە بە پارێزگەکە دەست بە دابەشکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکرێت.
 
ئەوەش هاتووە، کە ئەو هاووڵاتییانەی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەولێر، سلێمانی و دهۆکیان هەیە دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆیان داواکاری پێشکێش بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنیان لە هاتووچۆی هەڵەبجە.
 
هاتووچۆی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر هاووڵاتییەک خواستی کڕینی ژمارەی دڵخوازی خۆی هەیە دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات کە لە ژمارە (1000 23)وە دەستپێدەکات و نرخیان هاوشێوەی تابلۆی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە دوو ملیۆن دینارە.
 
لەبارەی ژمارەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، هاتووچۆی ئەو پارێزگەیە دەڵێت، ژمارە (2323) و (1988 23) بە سەرجەم پیتەکانیانەوە لە ئێستادا نافرۆشرێن.
 
رۆژی 22-02-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە، تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجە راگەیێندرا.