محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکی لیستی 'هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان' دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو هاوپەیمانی پێکهێندراون. یەکێکیان محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات و هاوپەیمانییەکەی دیکەش عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، برای و جێگری پێشووی پارتی سۆسیال دیموکرات سەرۆکایەتیی دەکات.
 
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، کە محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتیی دەکات، پێکهاتووە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
 
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ دوو لایەنەکەی دیکەدا لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا هاوبەش بووین؛ لە خەباتی شاخ و دوای راپەڕینیشدا کار و پرۆژەی هاوبەشمان هەبووە و لێکەوە نزیک بووین".
 
تاوەکو ئەمڕۆ لیستی بەربژێرەکانی هاوپەیمانییەکە تەواو دیار نییە چەند بەربژێریان دەبێت. بەڵام فەرهاد تۆفیق گوتی، لە هەرچوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان هەر سێ پارتەکە بەربژێریان دەبێت.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی سێ لایەنەکە، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانییەکە لە سلێمانی و هەڵەبجە پشکی پارتی سۆسیال دیموکرات دەبێت. سەرۆکی لیستەکە لە هەولێر بۆ حیزبی شیوعی کوردستان و لە دهۆکیش بۆ زەحمەتکێشانی کوردستان دەبێت.
 
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت: "خەڵک لە دەسەڵات ناڕازییە، بێهیواش بوون لە ئەوانەی وەکو ئۆپۆزیسیۆن بە میدیای زەبەلاحەوە کاریان کردووە، بۆیە ئومێدمان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا خەڵک وەکو لایەنی سێیەم دەنگ بە ئێمە بدات".
 
جگە لەو هاوپەیمانییە، هاوپەیمانییەکی دیکە بەناوی (سەردەم) پێکهێندراوە، کە پێکهاتوون لە پارتی رەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پارتی پارێزگاران و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، برای سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات دەبێتە سەرۆکی هاوپەیمانییەکە.
 
بەگوێرەی فەرمانێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە 3ـی ئاداری دەریکرد، بڕیارە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی کە 21ـی شوباتی ئەم ساڵ دەریکرد، کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە کردە 100 کورسی و کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستووری" پێناسەکرد.