ئەندامێکی لیژنەی نووسینی دەستووری کاتیی سووریا: هەموو پێکهاتەکان ستەمیان لێکراوە

رووداو دیجیتاڵ

هاووڵاتییانی شاری ئامودێ لە رۆژئاوای کوردستان، خۆپێشاندان دژی دەستووری کاتیی سووریا دەکەن. دەڵێن، دەستوورەکە تاکڕۆییە و مافی کورد تێیدا لەبەرچاو نەگیراوە.
 
یەکێک لەو خاڵانەی نیگەرانی لای بەشێک لە پێکهاتەکان دروستکردووە، ئەو دەسەڵاتە زۆرەیە سەرۆککۆمار هەیەتی. 
 
هۆشەنگ دەروێش، نوێنەرى ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات (مەسەدە) لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستوورەکەوە دەڵێت، "دەستوورەکە کۆپی پەیستی دەستووری رژێمی بەعسە. هەموو دەسەڵاتی لەشکری لەدەستی ئەودایە، دەسەڵاتی جێبەجێکاریش بە تەواوی لەدەستی ئەو دایە."
 
ئەندامێکی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا بە رووداوی گوت، هەوڵیانداوە خۆیان لە دۆسیە مشتومڕهەڵگرەکان بە دووربگرن. هەروەها سەرنجی ئەوان لەسەر مافی هاووڵاتییبوونە. 
 
ئەحمەد قوربی، ئەندامی لیژنەی نووسینی دەستووری سووریا لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە ئاگاداری ئەو ستەمەین لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە لە برایانی کورد کراوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەم ستەمە تەنیا لە برایانی کورد نەکراوە، بەڵکو هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە عەرەبەوە بگرە تاوەکو کورد، تورکمان، ئاشووری و ئێزدی لەلایەن رژێمی ئەسەدی شۆڤێنییەوە ئازاریان چەشتووە، لەبەر ئەوە نەمانویست پێکهاتەیەک بە مادەیەکی دیاریکراو تایبەت بکەین."
 
دەستوورەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێدەکرێت. کە تێیدا زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی و ناوی وڵاتەکەش بە کۆماری عەرەبیی سووریا نووسراوە.
 
لە تەواوی دەستوورە کاتییەکەش کە 53 مادەیە، بە هیچ جۆرێک وشەی (کورد) ئاماژەی پێنەکراوە.