دایکێک و منداڵە دوو ساڵانەکەی لە کرماشان لە بۆردوومانێکدا کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی بۆردوومانێک بۆسەر شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دایکێک و منداڵە دوو ساڵەکەی کوژران.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئاداری 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری کرماشان بە (رووداو)ی راگەیاند، "دوێنێ شەممە ژمارەیەک ئامانج لەنێو شاری کرماشان هێرشیان کرایە سەر و لە ئەنجامدا دایکێک و منداڵەکەی کوژران."
 
هاونیشتمانییەکە گوتی، "ماڵی ئەو ژنە لە نزیک شوێنێکی بەئامانجگیراو بوو و هەربۆیە خانووەکەیان رووخا و لەگەڵ منداڵەکەی کەوتنە ژێر داروپەردووی خانووەکە."
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو ژنەی گیانی لە دەستداوە، ناوی فائیزە رەیحانییە و منداڵەکە ناوی ئەبرا ژرفیە.
 
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و یەکێک لەو شوێنانەی بە چڕی بۆردوومان کراوە کرماشانە.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری تەندروستی ئێران، تاوەکو ئێستا کوژرانی 2729 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پشتڕاستکراوەتەوە و 15 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.