سبەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و بەهۆی جەنگەوە رێوڕەسمی فراوان ناکرێ


رووداو دیجیتاڵ

سبەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی دۆخی ناوچەکە و هەبوونی جەنگەوە، چالاکی گەورە بەڕێوەنابرێ.
 
سبەی 16ـی ئادار، 38 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا تێدەپەڕێ، کە ئێستا سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەیە و دانیشتووانەکەی نزیکەی 135 هەزار کەسە.
 
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی چالاکییەکانی سبەی وردەکاری دەخەینەڕوو".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە سنووری هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "بەهۆی هەبوونی جەنگ و دۆخی نەخوازراوەوە کە ناوچەکەی ئێمەش پریشکی بەرکەوتووە، هەرچەندە هەموو ئامادەکارییەک کرابوو، بەڵام سبەی رێوڕەسمی گەورە بۆ یادی کیمیابارانی بەڕێوەنابرێ".
 
ئەمڕۆ لە مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە بەڕێوەدەچێ. بەگوتەی بەرپرسەکەی هەڵەبجە، سبەی تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدان دادەنرێت.
 
ساڵی 1988 شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی 5 هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون و هەزارانیش برینداربوون، کە تاوەکو ئەمڕۆ کاریگەریی برینەکان لەسەر زۆرینەیان ماوە.