رۆژئاوای کوردستان؛ کچێک ویستی براکەی لە لافاو رزگار بکات بەڵام خۆی خنکا
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و لافاو چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە؛ لە عەفرین منداڵێک لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی براکەی خنکا و لە کەمپەکانی حەسەکەش لافاو چووەتە ناو خێوەتی هەزاران ئاوارەوە.
بەهۆی ئەم شەپۆلەی باران و لافاوەوە، کەمپی ئاوارەکانی سەرێ کانی لە حەسەکە ژێرئاو کەوت و بارودۆخی ئاوارەکان زۆر خراپ بووە.
جوان ئیسۆ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی، چەند دیمەن و وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە کە تێیدا دەردەکەوێت ئاو چووەتە ناو خێوەتەکان و ڕێگەکانی ناو کەمپەکە بەهۆی قوڕ و لیتەوە داخراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارەکان لەناو خێوەتە شێدار و ساردەکاندا گیر بخۆن.
ویستی براکەی رزگار بکات، بەڵام خۆی خنکا
لە گەلیی شەرا لە عەفرین، بەهۆی بارانی زۆر و لافاوەوە منداڵێک بەناوی 'زەینەب عەلی سیدۆ' تەمەن هەشت ساڵان خنکا. بەپێی زانیارییەکان، زەینەب و براکەی بۆ بینینی دیمەنی لافاوەکە چووبوونە سەر گەلییەکە، بەڵام براکەی دەکەوێتە ناو لافاوەکەوە.
لەو کاتەی زەینەب هەوڵی داوە براکەی رزگار بکات، خۆی بە ئاوەکەدا دەچێت و لافاوەکە دەیبات، بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
دەیان خێوەت ژێرئاوکەوتن و ماڵباتەکان ئاوارەبوونەتەوە
محەممەد حاجۆ، ئەندامی کۆمیتەی کۆچبەران لە سەرێ کانی، لەبارەی قەبارەی زیانەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەدوێنێوە بەهۆی بارانێکی زۆرەوە لافاوێکی گەورە لە هەردوو کەمپی سەرێ کانی و واشۆکانی دروستبووە، هەر لە دیمەنەکاندا دیارن کە رەوشەکە زۆر سەخت بووە و دەیان خێوەت ژێر ئاو کەوتوون و دەیان ماڵبات ناچاربوون لە کەمپەکان دەربچن و هەندێکیان چوونەتە ناو قوتابخانە و ئەوانی دیکەش چوونەتە ناو ماڵانەوە."
هاونیشتمانییەکی ناو کەمپی سەرێ کانی باسی سەختیی ژیانیان دەکات و دەڵێت: "بەهۆی ئەم لافاوەوە ژیانی منداڵان زۆر زەحمەت بووە، ئەمە ڕەوشی خەڵکە لەناو ئەم لافاو و بارانەدا. نازانم خەڵک لەناو ئەم لافاوەدا چۆن بژی، ڕەوشەکە خراپتریش دەبێت."
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە کەمپی سەرێ کانی 2615 خێزان نیشتەجێن کە ژمارەیان نزیکەی 16700 کەس دەبێت. ئەو ئاوارانە ساڵانێکی زۆرە لەناو خێوەتدا دەژین و لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، هەموو ساڵێک ئەم کارەساتە دووبارە دەبێتەوە و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمساڵ قەیرانەکە قووڵتر بووەتەوە، چونکە لە هەردوو کەمپی واشۆکانی و سەرێ کانی، زیاتر لە 20 هەزار ئاوارە بەبێ خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان ماونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە مانگی 1ـی ئەم ساڵەوە هیچ رێکخراوێکی مرۆیی لەو دوو کەمپەدا نەماون و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێشکێش ناکرێن، ئەوەش دوای ئەوەی رێکخراوەکان بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا روویاندا، لە کەمپەکان کشانەوە.
ئێستا ئەو 20 هەزار ئاوارەیە بەهۆی نەبوونی هاوکارییەکان و کشانەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر سەختدا دەژین.