عەزیز ئەحمەد بۆ بەغدا: تەنیا یەک داواکاریمان هەیە، ئەویش لادانی گەمارۆ بازرگانییەکەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە لە بەغداوە لەبارەی "مەرجەکانی هەرێمی کوردستان" بڵاودەکرێنەوە و رایدەگەیێنێت، تەنیا یەک داواکارییان هەیە ئەویش لادانی ئەو گەمارۆ بازرگانییەیە کە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: "مەسرور بارزانی نەخشەڕێگەیەکی بۆ چارەسەری کێشەی گومرگ بۆ سوودانی ناردووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی ئێکس وەڵامی ئەو زانیارییانەی دایەوە کە لە بەغدا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێنەوە و گوتی: "ئەوانەی ئەو چەواشەکارییانە بڵاودەکەنەوە، ناتوانن بەرگری لە هەڵە و شکستەکانی سیاسەتی دارایی حکومەتی عێراق و بەڕێوەبردنی ئەم تەنگژەیە بکەن."
 
"گەمارۆیەکی بازرگانی لە ئارادایە"
 
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، بە پێچەوانەی ئەو هەواڵانەی بڵاودەکرێنەوە، هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک داواکاری پێشکەش نەکردووە، بەڵکو تەنیا یەک داواکاریی بەردەوامی هەبووە، ئەویش "لادانی ئەو گەمارۆ بازرگانییەی کە لە 1ـی کانوونی دووەمەوە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان."
 
عەزیز ئەحمەد باسی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو گەمارۆیە کرد و رایگەیاند، بەهۆیەوە بازرگانیی فەرمی بۆ نێو هەرێمی کوردستان لەناوچووە و گواستنەوەی بانکی بۆ هاوردەکردن گەیشتووەتە سفر، ئەمەش وایکردووە "بازرگانیی نایاسایی زیاد بکات و هاوردەکاران ناچار بن دۆلار بە رێژەی 15% گرانتر لە بازاڕە نێوخۆییەکان بکڕن، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بۆ هەموو عێراقییەکان."
 
نەخشەڕێگەکەی مەسرور بارزانی بۆ سوودانی
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گومرگ و داهاتەکان، عەزیز ئەحمەد ئاشکرای کرد کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناردووە و تێیدا نەخشەڕێگەیەکی سێ خاڵی بۆ پرسی گومرگ خستووەتەڕوو:
 
1- جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی فیدراڵی لە هەموو مەرز و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان.
 
2- جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا"ی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاوبەشکردنی زانیارییەکان بە شێوەی "راستەوخۆ" لەگەڵ بەغدا.
 
3- هێنانی وردبینێکی دەرەکی بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییەکان و چاودێریکردنی ئەو دۆلارانەی بۆ دەرەوە حەواڵە دەکرێن.
 
خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا
 
عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان هەردوو تیمی هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "تیمی عێراقی پێداگرییان دەکرد کە دەبێت هەموو هاوردەکردنێک تەنیا لە رێگەی ئەسیکۆدای فیدراڵییەوە بێت و تەواوی داهاتی گومرگیش راستەوخۆ بچێتە خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی، ئەمەش پێشێلکردنی رێککەوتنەکان و مافە دەستوورییەکانی ئێمەیە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای هەڵوێستێکی واقیعیانەی لە بەغدا کرد و گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاد بکات. بۆیە ژیرانەیە کە وڵات ئەم گەمارۆیە لابدات و مامەڵە بانکییە فەرمییەکان بگەڕێنێتەوە."