منداڵێکی تەمەن 15 ساڵ لە روانسەری کرماشان کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بۆردوومانێک بۆسەر شاری روانسەری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، منداڵێکی تەمەن 15 ساڵ کوژرا.
رۆژی یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026، هاونیشتمانییەک لە کرماشان بە (رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی 2ی ئادار ژمارەیەک ئامانج لەنێو شاری روانسەر هێرشیان کرایە سەر و لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن 15 ساڵ بە سەختی بریندار بوو."
هاونیشتمانییەکە گوتی:" ئەو منداڵە لە نزیک شوێنێکی بەئامانجگیراو بوو و هەربۆیە بە سەختی بریندار بوو، و دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و 13 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا."
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو منداڵەی گیانی لە دەستداوە ناوی کیان مورادیە و تەمەنی 15 ساڵە.
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و یەکێک لەو شوێنانەی بە چڕی بۆردوومان کراوە کرماشانە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری تەندروستی ئێران، تاوەکو ئێستا کوژرانی 2729 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پشتڕاستکراوەتەوە و 15 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.