کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان: 15 رۆژە یەک تیکت نەفرۆشراوە و گەشتیارمان بووەتە سفر
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگەوە، لە 28ـی شوباتەوە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان داخراوە. بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "دۆخەکە بەردەوام بێ، هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیاکان دەستپێدەکات".
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دەستپێکی جەنگەوە یەک تیکت نەفرشراوە، چونکە ئاسمان داخراوە، بەهۆیەوە زیانمەندی یەکەم کۆمپانیا گەشتیارییەکانن".
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەڵێ: "بەهۆی جەنگەوە گەشتیار بووەتە سفر. یەک گرووپی گەشتیاریمان نەماوە بۆ دەرەوە و هاوکات هیچ گرووپێکی گەشتیاریمان لە دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەماوە".
رێبوار ئازاد گوتی، کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان "زیانی زۆر"یان بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆی جەنگ و داخرانی ئاسمانەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دۆخی کۆمپانیاکان زۆر خراپە، چونکە لەگەڵ نەبوونی گەشتیار، تێچووی بەڕێوەبردنیان زۆرە".
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەڵێ، بەهۆی داخرانی ئاسمانەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کۆمپانیایەکی گەشتیاری داوای هەڵوەشاندنەوەی نەکردووە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەردەوام دەبێ "هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیاکان دەستپێدەکات".
رێبوار ئازاد گوتی: "کۆمپانیا گەشتیارییەکان باجی نوێکردنەوەی مۆڵەت دەدەنە حکومەت، باج و رسوماتی کۆمپانیاکان دەدەن، تێچووی ئۆفیس و مووچەی کارمەند، پارەی ئاو و کارەبا هەموویان لە ئەستۆیە، لەکاتێکدا هیچ گەشتێک نەماوە".
دوێنێ بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بە رووداویان گوت، هاتنی گەشتیاری نێوەڕاست و خوارووی عێراق نزیک بووەتەوە لە سفر؛ ئاماژەیان بەوەشکرد، "هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ جەژنی رەمەزان و چاوەڕوانی هاتنی گەشتیار دەکەین".