زانیاریی رووداو؛ بەهۆی بۆردوومانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 4 هاونیشتمانی لە هەولێر بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر، بە دوو درۆنی دیکە هێرش کرایە سەر سلێمانی و بە سێ مووشەکیش بۆسەر کۆیە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی کاریگەریی یەکێک لە درۆنەکان، چوار هاونیشتمانی سڤیل لە شاری هەولێر بریندار بوون.
نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 15ـی ئادار، دوو دەنگی بەهێز هەولێریان هەژاند. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوو درۆن بوون و لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە خراونەتە خوارەوە.
یەکێک لە درۆنەکان دوای تێکشکاندنی کەوتە سەر بانی ماڵێک لە نێو شاری هەولێر و بەهۆیەوە ئاگارێک کەوتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی کەوتنە خوارەوەی یەکێک لە درۆنەکان، چوار هاونیشتمانی سڤیل بریندار بوون".
دوای هێرشەکە و ئاگرکەوتنەوە لەسەربانی ماڵێک لە گەڕەکی کارێزانی هەولێر، گرووپێکی چەکداری عێراق لەژێر ناوێکی خوازراودا بەناوی "ئەصحابولکەهف" بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و بانگەشەی کرد، گوایە بەرژوەندییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "ئەو چوارکەسەی بریندار بوون دۆخی تەندروستییان جێگیرە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە".
گرووپە چەکدارەکەی عێراق، بەشێکە لە گرووپەکانی (مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق) کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و چەند هێرشێکی هاوشێوەی بۆسەر هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ گرتووە.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی گەورە لە سلێمانی بیسترا. عەقید کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هێرشەکە دوو درۆن بوو لە ئاسمانی فەرماندەیی دەڤەری دووی پێشمەرگە خرانە خوارەوە.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتی، هۆکاری ئەو دەنگەی بەرزەی بیستراوە پارچەکانی درۆنەکە بوون، کە کەوتنە سەر زەوی؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
هاوکات هەر بەرەبەیانی ئەمڕلۆ جارێکی دیکەی سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا. سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، هێرشەکە بە سێ مووشەک بووە.