وەزارەتی ناوخۆ سزای دارایی ئەو بیانییانە هەڵدەگرێ کە بەهۆی شەڕەوە نشینگە و ڤیزەیان بەسەرچووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی هاوکاریکردن و کارئاسانی بۆ ئەو بیانییانەی بەهۆی دۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە، چەند بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا لێخۆشبوون لە سزای دارایی بۆ چەند گرووپێکی جیاواز راگەیاند.
رۆژی سێشەممە 14ی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ ئەو بیانییانەی نشینگەیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و "لەدوای 28ی شوباتی 2026ـەوە نشینگەکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تاوەکو 30ـی نیسانی 2026 بە هەمان کارت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و بێ سزا نشینگەکەیان نوێ بکەنەوە. دوای ئەو کاتە، هەر کەسێک بگەڕێتەوە پێویستی بە ڤیزەی نوێ دەبێت."
بۆ ئەوانەی دەیانەوێ گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، "ئەو بیانییانەی نشینگە یان پاسپۆرتەکەیان بەسەرچووە و نەیانتوانیوە گەشت بکەن، تاوەکو 30ـی نیسانی 2026 دەتوانن بێ پێدانی سزای دارایی مۆری دەرچوون وەربگرن و گەشت بکەن."
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسانەی بەڵگەیان هەیە کە مامەڵەی پاسپۆرتیان بەهۆی شەڕەوە دواکەوتووە، لە سزا داراییەکان دەبەخشرێن.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ گەشتیارانی خاوەن ڤیزە لە دوای 28ی شوباتی 2026 ڤیزاکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تاوەکو 30ی نیسانی 2026 بێ سزا لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانەوە بچنە دەرەوە. هاوکات ئەوانەشی دەیانەوێ ڤیزەکەیان بگۆڕن بۆ نشینگە، بێ سزا و بەپێی رێنماییەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێ."
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی باس لەوە دەکات، ئەم بڕیارانە تەنیا تاوەکو کۆتایی مانگی نیسانی 2026 کاریان پێدەکرێت، بۆیە پێویستە بیانیان لەو ماوە دیاریکراوەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان.
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد، 8ـی ئەم مانگە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستیان راگەیاند.