ژمارەی کوژراوانی هێرشکردنە سەر قوتابخانەکەی مەرەش گەیشتە 9 کەس


رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێک دا بۆ سەر قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چاڵک لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان، مامۆستایەک و 8 قوتابی کوژران و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون کە تەندروستیی سێ کەسیان ناجێگیرە.
 
رووداوەکە کاژێر 12:33 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چاڵک لە قەزای 12ـی شوبات لە پارێزگای مەرەش روو دا. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرابوویەوە کە هێرش کراوەتە سەر چەندین قوتابخانە، بەهۆیەوە شارەکەی خستە نێو باری نائاساییەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، قوتابییەکی پۆلی 8ـی قوتابخانەکە بە ناوی عیسا ئاراس مەرسینلی، تەمەن 14 ساڵ، بە 5 چەک و 7 فیسەکدانی پڕەوە چووەتە نێو دوو پۆلی جیاوازی قوتابییانی پۆلی 5 و دەستڕێژی لێ کردوون.
 
پارێزگار ئونلوئەر: هێرشکارەکە خۆی کوشت
 
لە سەرەتای رووداوەکە دا موکەڕەم ئونلوئەر، پارێزگاری مەرەش، لە شوێنی رووداوەکە لێدوانی دا و ئاماری سەرەتایی راگەیاند. گوتی، "4 کەس گیانیان لەدەست داوە؛ یەکێکیان مامۆستایە و سێ کەسیان قوتابین. هەروەها 20 بریندارمان هەن، تەندروستیی 4ـیان ناجێگیرە."
 
پارێزگاری مەرەش، لەبارەی هێرشکارەکە گوتی، "هێرشکارەکە قوتابیی پۆلی 8ـی قوتابخانەکەیە. باوکی کارمەندێکی پێشووی ئاسایشە. پێمان وایە چەکەکەی لە باوکی بردووە. لەنێو ئەو ئاڵۆزییە دا تەقەی لە خۆی کردووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە."
 
باوکی هێرشکارەکە دەستبەسەر کرا
 
ئووغور مەرسینلی، باوکی هێرشکارەکە، خاوەنی ئەو چەکانەیە هێرشەکەی پێ ئەنجام دراوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
 
بەرپرسان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە گوایە "هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی دیکەش" دوورن لە راستییەوە و هێرشەکە تەنیا لەم قوتابخانەیە دا بووە.
 
ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 9 کەس بەرز بووەوە
 
دواتر مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکە بۆ 9 کەس بەرز بووەتەوە.
 
چیفتچی، گوتی: "قوتابییەکی پۆلی 8ـی تەمەن 14 ساڵ، بەو چەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵ خۆی هێنابووی، چووەتە نێو دوو پۆلی قوتابخانەکەمان و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی کردووە و کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە قوتابخانەکە دا ئەنجام داوە. بەهۆیەوە 9 کەس گیانیان لەدەست داوە. 8ـیان قوتابین و یەکێکیان مامۆستایە. 13 بریندارمان هەن. 6ـیان لە چاودێریی چڕ دان و دۆخی 3ـیان ناجێگیرە."
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا، هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست و رایگەیاند، "سەرۆککۆمارمان لەبارەی رووداوەکەوە ئاگادار کردووەتەوە."
 
رووداوێکی تیرۆریستی نییە
 
چیفتچی ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە کردەوەیەکی تاکەکەسییە و تەنیا لەلایەن قوتابییەکەوە ئەنجام دراوە. گوتی، "رووداوێکی تیرۆریستی نییە، زۆر نیگەرانین. بەهۆی رووداوەکەی رووها-وە، دەوامی قوتابخانەکانمان راگرتبوو. ئەمڕۆش لە مەرەش بۆ 2 رۆژ دەوام رادەگرین."
 
سێ وەزیر چوونە ناوچەکە و لێکۆڵینەوەی فراوان دەستی پێکرد
 
دوای رووداوەکە، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆ؛ یوسف تەکین، وەزیری پەروەردە و کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستی، بەپەلە بەرەو مەرەش بەڕێکەوتن.
 
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە 3 جێگری سەرۆکی داواکاری گشتی و 4 داواکاری گشتیی راسپێردراون. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ 8 پشکنەری بۆ لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە لە رووداوەکە راسپاردووە.
 
قەدەخەی بڵاوکردنەوەی زانیاری
 
بە پاساوی سەلامەتیی لێکۆڵینەوە و پاراستنی دەروونی منداڵان، دووەم دادگەی سزای مەرەش بڕیاری قەدەخەی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی لەبارەی رووداوەکەوە دەرکرد.
 
ئەنجوومەنی باڵای رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا (RTÜK) و سەرۆکایەتیی گەیاندن، دامەزراوە میدیاییەکانیان ئاگادار کردەوە خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو زمان و دیمەنانە بەدوور بگرن کە کاریگەریی دەروونیی نەرێنی زیاد دەکەن.
 
چاوەڕوانیی دڵەڕاوکێیانەی خێزانەکان بۆ رۆڵەکانیان و چارەسەری 13 بریندارەکەش لە نەخۆشخانەکان بەردەوامە. هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە دەکەن لەبارەی پاڵنەری پشت ئەنجامدانی ئەم کردەوە توندوتیژییە گەورەیە لەلایەن منداڵێکی تەمەن 14 ساڵانەوە.
 
پەیامی ئەردۆغان
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پەیامێکی سەرەخۆشیی لەبارەی هێرشەکەی قوتابخانەکەی مەرەشەوە بڵاو کردەوە. رایگەیاند، "داوای رەحمەتی خودای گەورە بۆ ئەو گیانانە دەکەم کە لەدەستمان داون؛ هیوای ئارامی بۆ خانەوادە خەمبارەکانیان و سەرەخۆشی بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەییمان دەخوازم. داواکارە گشتییەکانمان و پشکنەرەکانمان بەوردی لێکۆڵینەوەکان بەڕێوەدەبەن. رووداوەکە بە هەموو رەهەندەکانییەوە بەدڵنیاییەوە روون دەکرێتەوە."
 
پەرلەمانی تورکیا؛ بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی مەرەش لیژنەیەک پێک دەهێنرێت
 
پارتە سیاسییەکان کە لەنێو پەرلەمانی تورکیا دا فراکسیۆنیان هەیە، رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە هەفتەی داهاتوودا. ئامانج لە پێکهێنانی لیژنەکە، لێکۆڵینەوەیە لە هەموو رەهەندەکانی هێرشەکەی سەر قوتابخانەکەی مەرەش و کێشە ئەمنییەکانی قوتابخانەکان.