وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆنە و رێژەکەی بەغدا رەتدەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەم وەرزەدا زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی کراوە بە گەنم و پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکە لە دوو ملیۆن تۆن زیاتر بێت. هاوکات رەخنە لەو بڕە دەگرێت کە بەغدا بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، رزگار محەممەد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەندامی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بەهۆی زۆریی بارانبارینی ئەمساڵ، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان زۆر دەبێت و بە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرێت."
 
بە گوتەی رزگار محەممەد، ئەمساڵ لە رووبەری سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراوە. راشیگەیاند : "هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ وەرگرتن و کۆگاکردنی گەنم، چونکە توانای کۆگاکردنی زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنمی لە سایلۆکاندا هەیە".
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لە حکومەتی فیدراڵ بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم لە تەواوی عێراق وەربگرێت بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستانی تەنیا بە 292 هەزار تۆن دیاری کردووە.
 
رزگار محەممەد گوتیشی: "ئەم رێژەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە زۆر کەمە و پشت بە هیچ پێوەرێکی زانستی، چڕی دانیشتووان یان پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە نابەستێت. دەبوو بە لایەنی کەمەوە لە 400 هەزار تۆن کەمتر نەبووایە."
 
راشیگەیاند، بەهۆی کەمیی ئەو بڕە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر کۆنووسی کۆبوونەوەکە نیشان نەداوە و واژۆی نەکردووە، بە فەرمیش نووسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکەن بۆ دووبارە پێداچوونەوە بەو بڕەدا.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەبێت وەک "سەبەتەی خۆراک"ی ناوچەکە سەیر بکرێت، بەتایبەت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک.
 
رزگار محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، پلانی دیکەیان هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ، لەوانە پاڵپشتیکردنی کارگەکانی ئارد و هەناردەکردنی گەنم بۆ دەرەوە بە هاوکاریی کەرتی تایبەت.