چیرۆکی شەهیدبوونی غەزال مەولان لەنێوان چەند نەخۆشخانەیەکدا


رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لەو سێ پێشمەرگەیەی لە هێرشە درۆنییەکەی رۆژی سێشەممەی سەر کەمپی سوورداش بریندار بوو، ئێوارەی هەمان رۆژ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو. کەسانی نزیکی دەڵێن: بەهۆی وەرنەگیرانی لە چەند نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەستداوە. بەڵام بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: "ئەو بریندارەیان نەبردووەتە هیچ نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی."
 
شەهیدبوونی غەزال مەولان
 
غەزاڵ مەولان چەپەراباد، کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو، لە بۆردوومانێکدا کە حیزبەکەی دەڵێت "کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە" لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ دوو هاوسەنگەری دیکەیدا بریندار دەبێت.
 
دوای گەیاندنی غەزاڵ و هاوسەنگەرانی بە نەخۆشخانەکان، دوای چەند کاژێرێک غەزال بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید دەبێت. 
 
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هاوڕێ غەزال مەولان چەپەراباد، پێشمەرگەی کۆمەڵە، گیانی لەدەستدا. هاوڕێ غەزاڵ کە بەهۆی هێرشی درۆنیی کۆماری ئیسلامییەوە بریندار ببوو، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و بە کاروانی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و کوردستان پەیوەست بوو".
 
"چەند نەخۆشخانەیەک وەریناگرن و بەرگەی برینە قووڵەکەی ناگرێت"
 
ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دوای ئەوەی غەزال دەبەنە سلێمانی، سەرەتا دەیبەنە نەخۆشخانەی شۆڕش (نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە پێشمەرگە و سەر بە وەزارەتی پێشـمەرگەیە)، لەوێ چارەسەری سەرەتایی بۆ دەکرێت، بەڵام جێ نابێت بۆ داخیلکردن و دەڵێن بیبەنە نەخۆشخانەیەکی دیکە.
 
ئەمجەد پەناهی دەڵێت: "هەڵوێستەکەی نەخۆشخانەی شۆڕش سیاسیی نەبووە و پێشتر چەندین برینداریان چارەسەر کردووین، بەڵام شوێنی بریندار لەوێ سنووردارە و نەیانتوانی وەریبگرن."
 
ئەمجەد چیرۆکەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "دواتر غەزالی بریندار برایە نەخۆشخانەی ئاسیا (نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە لە سلێمانی)، بەڵام قبووڵیان نەکرد و رەتیانکردەوە وەریبگرن، دواتر بردیانە نەخۆشخانەی بەخشین (ئەویش نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە) ئەوانیش ئامادە نەبوون چارەسەری بکەن و دوای زیاتر لە 20 خولەک راگرتن، پێیان گوتین بیبەینە نەخۆشخانەی فارووق (ئەمیش نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە).
 
دوای چەند خولەکێک لە گەیاندنی غەزال بە نەخۆشخانەی فارووق، بەرگەی سەختیی برینەکەی ناگرێت و هەر لەوێ گیان لەدەست دەدات.
 
نەخۆشخانەی بەخشین: بە فەرمان ناتوانین دۆسیەی ئەمنی وەربگرین
 
تۆڕی میدیایی رووداو، زیاتر بەدوای دۆسیەی شەهیدبوونی غەزال-دا رۆیشت و پەیوەندیی بە کاروان عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی بەخشینەوە کرد و لەبارەی وەرنەگرتنی غەزاڵەوە پرسیاری کرد.
 
کاروان عەلی گوتی: "بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی هەیە، دۆسیەی پۆلیس و ئاسایش لە نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت وەرناگیرێ، ئەو کەیسە پەیوەندیی بە ئەمنیەت هەبووە و پێویستی بە نووسراوی فەرمیی لایەنی ئەمنییە، بەڵام پێیان نەبووە."
 
لە چاودێریی چڕ وەرنەگیراوە
 
کاروان عەلی زیاتر گوتی: "لە نەخۆشخانەی بەخشین چارەسەری سەرەتایی بۆ غەزال کراوە، بەڵام نەبراوەتە چاودێریی چڕ و نەتوانراوە لەوێ وەربگیرێ."
 
بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی بەخشین زیاتر دەڵێت: "وەرنەگرتنی غەزال، هیچ بڕیارێکی سیاسیی لە پشت نەبووە و تەنانەت نەزانراوە برینداری بۆردوومانەکەیە و وەکو دۆسیەی پۆلیس مامەڵەی لەگەڵ کراوە."

 

نەخۆشخانەی ئاسیا: غەزال نەهێنراوەتە لای ئێمە
 
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی ئاسیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "دوای ئەوەی بریندارێکی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە دەگەیێندرێتە سلێمانی و وا بڵاوکراوەتەوە کە هێنرابێتە نەخۆشخانەی ئاسیا، بەڵام سەرلەبەری ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە و ناڕاستن و هیچ پەیوەندییەكمان پێوە نەکراوە."
 
نەخۆشخانەی ئاسیا دەشڵێت: "هەرکات نەخۆش بگەیێندرێتە نەخۆشخانەی ئاسیا، ئەولەویەت بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکانە و دواتر رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان دەگیرێنە بەر."

 

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی: غەزال نەبراوەتە نەخۆشخانەی وەزارەتی تەندروستی
 
تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندیی کرد بە د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانییەوە و لە وەڵامدا بە رووداوی گوت: "ئەو پێشمەرگە نەبراوەتە هیچ نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی."
 
د. سەباح گوتی: "سەرەتا براوەتە نەخۆشخانەی شۆڕش، کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، دواتر براوەتە نەخۆشخانەکانی ئاسیا و بەخشین، کە ئەوانیش ئەهلین و سەر بە وەزارەتی تەندروستی نین."
 
غەزال، لە کەمپی سوورداشی سنووری سلێمانی بریندار بوو، کە کەمپی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.