بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای سلێمانی روویدا


رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای سلێمانی روویدا و گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراقیش دەڵێت، گوڕەکەی 4.2 پلە بووە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر، لە پارێزگای سلێمانی روویدا.
 
بە گوتەی عامر جابری، چەقی بوومەلەرزەکە 115 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای سلێمانی بووە.
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق باسی لەوە کرد، هاونیشتمانییان لە ناوچەکانی چۆمان، حاجی ئۆمەران، قەڵادزێ و رانیە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.
 
عامر جابری دەڵێت، بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی نەبووە.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، پار زیاتر لە 800 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.