سەرۆک بارزانی: ئەو مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ مووچەخۆران دەیکات جێگەی قبووڵ نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی بەغدا لەگەڵیان رایگەیاند: "ئەو مامەڵەیەی بەغدا لە مانگەکانی رابردوو لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، جێگەی قبووڵ نییە."
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە (کۆنگرەی یەکگرتن) کە تێیدا هەردوو رێکخراوی قوتابییان و لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکدەگرنەوە، گوتارێکی گشتگیری پێشکێش کرد.
لە تەوەرێکی گوتارەکەی کە پرسی مووچە و مامەڵەی بەغدا لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو، رایگەیاند: "وایانلێکردووە، وا دەزانرێت خەبات و تێکۆشانی ئەم میللەتە، ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو سەرکردە و شەهیدە بۆ داواکردنی مووچە بووە." گوتیشی. ئەگەر "خەبات بۆ مووچە بووبێت، دەوڵەتانی پێشووتر دەستیان ماچ دەکردین."
لەبارەی هۆکاری مامەڵەی بەغدا بەو جۆرە لەگەڵ مووچەخۆران سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "بەرێنمایی لایەنی نێوخۆیی بووە." هەروەها هۆشداری دایە بەغدا کە "ئەو مامەڵەی لە مانگەکانی پێشوو لەگەڵ مووچەخۆران کردوویانە، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "بەغدا دەبێت مامەڵە شەرعییەتی هەرێمی کوردستان بکات، لە ئۆکتۆبەری رابردوو هەڵبژاردن کرا و سەنگی هەموو لایەکی پێشاندا."
مامەڵەکردنی بەغدا لەگەڵ "[ئەو لایەنە نێوخۆییانە]، پێچەوانەی دەستوور و فیدراڵییەتە. پێویستە ئەوان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن."
بە گوتەی سەرۆک بارزانی "مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان فیدراڵی نییە" و دەڵێت: "ئەگەر فیدراڵی نەماوە، باپێمان بڵێن، چونکە ئەو مامەڵەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت، مامەڵەکردنی فیدراڵییەت نییە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی جەختیکردەوە کە "نابێت دەستوەردان لە دەستوور بکرێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان کێشەیەکی هەیە، پەرلەمانی کوردستان هەیە، با ئەوان لێپێچینەوە لە حکومەت بکات."
سەرۆک بارزانی پرسی مووچە و مامەڵەی بەغدا بە "سووکایەتی بۆ خوێنی شەهیدان" ناودەبات و دەڵێت: "ئەم میللەتە لە برسان شۆڕشی نەکردووە. ئەگەر کەرامەت و ئیرادە هەبێت، هەموو کاتێک پارە دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوانە نەمان، پارە چ قیمەتی هەیە؟"
سەرۆک بارزانی دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێت کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و دەڵێت: "ئێمە دەرۆزەچی نین لەبەردەم دەرگەی ئەوان. ئەوانەشی هەموو ئامانجیان پارەیە، با بچنە لای ئەوان، ئەو کەسانەشی کەرامەت ئیرادەیان لامەبەستە، پاراستنی مێژووی شەهیدانی کوردستانیان لە مەبەستە، بڕیاری خۆیان دەدەن."
سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە جەخت لە "نیازپاکی" هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەوانەی ئێستا لەسەر حوکم لە بەغدا، پێم وابوو لە غیابی ئێمە، پارێزگاری لە مافەکانمان بکەن، چونکە زۆر نان و نمەکمان پێکەوە بوو، نەوەکو بێن نانی کەسوکاری ئەنفال و کیمیاباران ببڕن. ئەمە لای من جێی سەرسووڕمان بوو."
سەرۆک بارزانی پەیام بۆ عێراق دەنێرێت و ئاماژە بەوە دەکات: "مادام ئەوان ئەو مامەڵەیە دەکەن، ئێمەش داکۆکی لە مافی ئەو کەسانە دەکەین و دەبێت قەرەبووی هەموو کەسوکارانی ئەنفال، کیمابارانی میللەت و قەرەبووی ئەو 4500 گوندە بکەن."
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی گوتی: "وا مامەڵە دەکرێت کە کورد جەستەیەکی بێگانەیە لەم وڵاتەدا."
ئەم گوتانەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە، بەغدا لە سێ مانگی رابردوو هیچ کات لە کاتی خۆیدا پارەی بۆ مووچەی لە کاتی خۆیدا نەناردووە بە جۆرێک: مووچەی مانگی دوو لە 12-03-2025 نێردراوە، هاوکات مووچەی مانگی ئادار لە 26-03 و مووچەی مانگی نیسانیش دوای نزیکەی 50 رۆژ رەوانە کراوە.
بیانووی حکومەتی عێراق بۆ دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەپێی مانگەکان جیاواز بوون. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردووەتەوە کە لەلایەن ئەوانەوە "لیست بەبێ کەموکورتی" رەوانەی بەغدا کراوە.
دەقی قسەکانی سەرۆک بارزانی:
ئەو بەرنامەیەی بۆ منیان ناردبوو، گوتاری من تەقریبەن دەکەوێتە دوای بەرنامەکە، نازانم ئەمە (موفاجەئە) بوو بۆ من.
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان. خۆشەویستان، خوشک و برایان، زۆر خۆشحاڵم کە بەشدار دەبم لەگەڵ ئێوەی خۆشەویست لە رۆژێکی وا پیرۆزدا کە هەردوو رێکخراوی بەتوانا و پڕئەزموون یەکدی بگرنەوە، پیرۆزباییتان لێدەکەم، دەستخۆشیتان لێدەکەم بۆ ئەم بڕیارە و دڵنیام لەمەودوا دەتوانن زیاتر و باشتر خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن.
قوتابیان و لاوان رۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبووە لە شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، تەنانەت لە شەڕی داعشیش. من دڵنیام لەمەودواش دەتوانن ئەو رۆڵە باشتر و زیاتر ببینن و لێرەدا من سوپاسی ئەو بەڕێزانە دەکەم کە تائێستا بەرپرسیارێتیی ئەم دوو رێکخراوەیان هەڵگرتبوو و تەمەنای سەرکەوتن دەکەم بۆ ئەو بەڕێزانەی کە لەمەودوا متمانەی ئێوە وەردەگرن، زۆر خۆشحاڵم پێش چەند رۆژێک کە لەگەڵ سکرتارییەتی هەردوو لا دانیشتم، بیستم کە نیسبەتی ئافرەت زۆر بووە لە نێو قوتابیان و لاوان و واتای ئەوەیە کە لەنێو حیزبیش زیاد دەبێت، ئەمە زۆر جێگەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە و من پێشنیاز دەکەم چەندی بتوانن رێژەی ئافرەت زیاد بکەن.
جەنابی بارزانی وەسفی ئێوەی کردووە، سەری رم و شوورەی پۆڵایین، ئەگەر باش بیری لێبکەنەوە ئەوە واتای زۆرە، سەری رم دەبێت هەمیشە لە هێرشدا بێت، شوورەی پۆڵایینیش دەبێت هەمیشە ئامادە بێت بەرگری بکات، ئینجا یەکگرتنی هەردووكتان ئێستا زۆر زۆر ئەم ئەرکە ئاسانتر دەکات و سەرکەوتووتر دەبن، چونکە یەک بڕیار دەبێت، پێکەوە دەبن و تەواوکەری یەکدی دەبن.
شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا، شەڕی فڕۆکە، تانک، تۆپ، تەنانەت کیمیاباران و ئەنفال، بەڵام باوەڕ بکەن شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە، شەڕی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەرە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمە؛ ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەکەن، شەڕی نەهێشتنی بیر و باوەڕە، شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە کە تاکی کورد ئیدی بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختتر و مەترسیدارترە، بەشێکی زۆری بەرگری لەم شەڕە ترسناکەدا دەکەوێتە سەر شانی ئێوە، دەبێت گەنجەکان پەروەردە بکەن، دوور بکەونەوە لە ئەو شتانەی کە زیان بە خۆیان و خانەوادەیان و حیزبەکەیان و میللەتەکەیان دەگەیێنن، ئەوەی تووشی مادەی هۆشبەر بوو، چوو؛ بەڵام ئەوەی بازرگانی پێدەکات، ئەمە تاوانبارە، ئەوانەی دیکە قوربانین، ئەوانەی کە تووش دەبن، بۆیە دەبێت ئەو بابەتە زۆر بە جدی وەربگیرێت و دەبێت زۆر بە تووندیش بەرەوڕووی ئەم دیاردە مەترسیدارە ببینەوە.
ئەوەی دیکە، دەبێت گەنجەکانمان پەروەردە بکرێن بە بیری ئینتیما بۆ نیشتمان، ئەگەر کەسێک هەستی ئەوەی نەبێت کە ئەم خاکە پیرۆزە، هەستی ئەوەی نەبێت کە چەند شەهید و قوربانی دراوە بۆ پاراستنی ئەم خاکە، میللەتێک ئەگەر خاکی نەبوو میللەتێکی بێقیمەتە، خاکیش ئەگەر میللەتێکی نەبێت، خاکێکی دیسان بێقیمەت دەبێت، بەڵام چ خاکێک و چ میللەتێک؟ خەڵکێک کە ئەو خاکە بە پیرۆز بزانێت، خاکێکیش کە ئەو خەڵکە بە پیرۆز بزانێت کوردستان وابووە و دەبێت وا بمێنێت، ئێستا دەیانەوێت نە پیرۆزیی خاکەکەمان بۆ بهێڵن، نە بیر و باوەڕی خەڵکەکە بهێڵن، مەترسیی گەورە ئەمەیە.
نابێت ئێمە هیچ کاتێک بیر لەوە بکەینەوە وەکو رەگەزپەرست و وەکو خۆپەرست و ئەمانە بیر بکەینەوە، نەخێر، ئێمە رێزمان هەیە بۆ هەموو نەتەوەیەک، بۆ هەموو تاکێک، بەڵام قەت و قەت نابێت تاکی کورد خۆی بە کەمتر بزانێت لە خەڵکی دیکە. دڵنیا بن بە هەموو توانایەک پشتیوانیتان لێدەکەین، بەڵام داواشتان لێدەکەین ئێوەش بەرهەمتان هەبێت بۆ میللەتەکەتان، بەرهەمەکەش ئەوەیە ئەو شەڕەی کە ئێستا باسم کرد، دەبێت ئەو شەڕە زۆر بە جدی بکەن.
بەڕێزان لەدوای ساڵی 2003 دەرفەتێکی زێڕین هاتەپێش لە عێراق و هەمووتان دەزانن کە کورد، خەڵکی کوردستان رۆڵێکی سەرەکییان بینی لە رووخاندنی رژێم، یان ئامادەکارییەک کە پێویست بوو بکرێت، دوای رووخانی رژێمیش، بە بڕیاری پەرلەمان بڕیار درا کە ئێمە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و عێراقێکی تازە بنیات بنێێنەوە، ئەمە بڕیاری پەرلەمان بوو. لەسەر ئەو ئەساسە ئێمەش چووینە بەغدا. لەسەر سێ بنەمای ئەساسی ئێمە رێککەوتین کە عێراقی تازە دابمەزرێتەوە، ئەویش ھاوبەشی، سازان، تەوافوق، واتا ئەم سێ بنەمایە بوو کە رێککەوتین لە سەری. دوای ئەوە ھەنگاوی دیکە کە زۆر گرنگ بوو دەستوور بوو، لە ساڵی 2005، بە ھەموو نیازێکی پاکەوە بە ھەموو ھێز و توانایەک ھەوڵمان دا کە عێراق لەسەر ئەو بنەمایە، عێراقێکی فیدراڵی و لەسەر ئەو بنەمایە پێکبێت، بۆچی؟ چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ حوکمی دیکتاتۆری، حوکمی دیکتاتۆری سەری نەگرت، 100 ساڵ دیکتاتۆرییەت حوکمی کرد، دوایی رووخا، نە عێراق خێری لە خۆی بینی، نە دیکتاتۆرەکانیش توانییان شتێک بەدەستبهێنن، لە کۆتاییدا سەرشۆڕییان بۆ مایەوە، ئینجا دەبێت لەسەر ئەو سێ بنەمایە عێراق بەڕێوەبچێت، ئێستاش بۆ داهاتووش شەراکەت، تەوازن و تەوافق، و دەستووریش هەیە تەقریبەن رێنیشاندەرە بۆ ئەوەی چۆن لەسەر ئەو سێ بنەمایە کار بکرێت، من ناڵێم دەستوور بێ کەموکوڕییە، بەڵام ئەگەر ئیلتیزامی پێکرابووایە، ئێستاش ئیلتیزامی پێبکرێت، دەستوور دەتوانێت زۆر باش دۆخەکە چارەسەر بکات. ئەگەر لایەنێک پێیوابێت خۆی زۆرینەیە و بە حوکمی زۆرینەی خۆی، ئیرادەی خۆی فەڕز دەکات، بە خوا عێراق خێر لە خۆی نابینێت و ئەو بۆچوونەش سەر ناکەوێت.
ئەگەر پێکەوە بین، دەتوانین ھەموو یارمەتیدەری یەکدی بین، پشتیوانی یەکدی بین، نەشبووە لە دونیا تۆ بە زۆر خەڵکێک بهێنیت پێکەوە بنێیت بڵێیت وەڵڵا ئێمە ھەموو یەکین، کاکە عێراق لە دەستووریشدا ھاتووە وڵاتێکە جیاوازی ھەیە، نەتەوەی جیاوازی تێدایە، ئایینی جیاوازی تێدایە، مەزھەبی جیاوازی تێدایە و دەبێت ئارەزوومەندانە ئەمانە یەکبگرن، بە زۆر ناتوانیت ئەمانە فەڕز بکەیت یەکبگرن.
ئەمەش بە چی دەبێت؟ بە سیاسەتێکی راست و رەوا، سیاسەتی راست و رەوا هەبێت دەستوورێک ئەو سیاسەتە پیشان بدات، دەبێت بنەمایەک هەبێت و لەسەری رێکبکەویت، بەداخەوە نە ئیلتزام بەو بنەمایە کرا، نە ئیلتزام بە دەستوور کرا.
ئێستاش من دەڵێم ئەگەر ھەموو لایەنەکان بیانەوێت عێراق سەقامگیر بێت و خەڵکەکەی بەختەوەر ببن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە، ئەگەر نا، با سەرژمێرییەک بکرێت، بەڵام شەفاف، نەتەوە و ئایین و مەزھەبی تێدا بێت، بۆ ئەوەی دیاری بکرێت، ئەم تەقسیمە، مادام بەرەو ئەوە دەچن، بەرەو مەزهەب و ئایین، باشە با سەرژمێرییەک بکرێت، سەرژمێرییەکی شەفاف، بزانین چەند ئایین لە عێراق هەیە، چەند نەتەوە هەیە، چەند مەزھەب ھەیە، ئەو وەختە کەس گلەیی ناکات، بەڵام سەرژمێرییەکی شەفاف بێت.
یان ئەگەر ھەڵبژاردن دەکرێت با یەک بازنە بێت. بەڵام تۆ پێشوەختە دایبنێیت من ئەوەندەم ھەیە، تۆ ئەوەندەت ھەیە، تۆ کەمینەی و من زۆرینەم، بەبێ ئەوەی نە سەرژمێرییەک کرابێت، بەڕاستی ئەمە پێموانییە ئەنجامی باش بێت، کاتییە، ئەگەر دەستکەوتێکیش ھەبێت، کاتییە.
بۆیە ئێمە پێمان خۆشە، پێمان خۆشە بگەڕێینەوە ھەموو بۆ ئەو سێ بنەمایە، بۆ دەستوور.
ئەگەر ئەو سێ بنەمایە هەبێت ئیتر پێویستی نە بە ئەوە دەبێت کێ زۆرینەیە، [بەڵکو] شەراکەتە؛ ئەگەر ئەوە نەکرێت، بە خوا من پێموانییە دۆخی عێراق سەقامگیر بێت. لەم سەرژمێرییەی دوایی کە کرا، بێگومان زۆر دژی ئەوە بوون کە مەسەلەی نەتەوە و ئایین و مەزهەبی تێدا بێت، بەڵام ئەگەر بڵێن نفووس، لە ھەرێمی کوردستان ئەو شوێنانەی ئێستا لە ژێر دەستی حکومەتی ھەرێمن، لە ژێر دەستی پێشمەرگەن، تەقریبەن 15٪ـە، ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی تێدا نییە، ئەگەر ئەوانەشی بێتە سەر، واتا رەنگە خۆی لە نزیکەی 25٪ بدات ئەوەی کورد، زیاتریش. کەچی ئەوان تەعامول لەگەڵ ھەرێم دەکەن، تەنانەت ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ھەرێمیشە 15٪ نییە، 14٪ نییە لە 10٪ـیش کەمترە.
لە ھەموو شتێک کە دەڵێن پشکی ھەرێم ئەوەندەیە، زۆر بە کەمی، بە نیوە، کەمتر لە نیوەیە؛ تەنیا تۆز سێ هێندە و 10 هێندە بۆ ئێمە دێت.
بۆیە بەم شێوەیە ناکرێت، بەڕاستی ناچارم ئەمڕۆ ھەندێک شت زۆر بە راشکاوی باس بکەم، چونکە کاتی ئەوە ھاتووە. مەسەلەی مووچە، وایان لێکردووە کە خەبات و تێکۆشانی ئەم میللەتە، ئەو ھەموو ساڵانە، ئەو ھەموو سەرکردە قارەمانانە، ئەو ھەموو گەورانە، ئەو ھەموو شەھیدە، ئەو ھەموو ئەنفال و کیمیابارانە، ھەمووی لەبەر ئەوە بووە داوای مووچەیان کردووە، ئەگەر مەبەست مووچە بووایە، ئەو دەوڵەتانەی پێشتر دەستی کوردیشیان ماچ دەکرد و مەمنوونیش بوون، بەداخەوە ئەمە بە چاوساخی و بە رێنمایی ھەندێک لایەنی نێوخۆیە، بەغدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی ھەرێم بکات، لە ئۆکتۆبەری رابردوو ھەڵبژاردن بووە و ھەڵبژاردنیش سەنگی ھەموو لایەکی پیشانداوە.
ئەگەر چەند کەسێک لەبەر ھەر مەبەستێک بێت، لەبەر ھەر ھۆیەک بێت کە خۆیان قەناعەتیان پێیە، بچن سکاڵا بکەن یان گلەیی بکەن، تەعامول لەگەڵ ئەوانە بکرێت، ئەمە پێشلکردنی دەستوورە، پێشێلکردنی شەرعییەتە، پێشێلکردنی ھەموو شتێکە، تۆ وەرە تەعامول لەگەڵ ھەرێم بکە. ئەگەر مەبەست ئەوەیە فیدراڵییەت نەماوە، بە راشکاوی پێمان بڵێن کە ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە و لەبەر ئەوە دەبێت حکومەتی ناوەندی بێت، ئەو وەختە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی نەکات، بڕیاری خۆی دەدات؛ بەڵام ئەمە ئەو تەعامولەی ئێستا لەگەڵ ھەرێم دەکرێت، تەعامولی ئەوە نییە هی فیدراڵی بێت.
ئێستاش نەچووە بچێت، جارێکی دیکە من جەخت لەوە دەکەمەوە، گەڕانەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە و دەستوور ئەو کێشانە ھەمووی چارەسەر دەکات، ھەرێم ھەرێمێکی فیدراڵییە بەپێی دەستوور، ئەوەی دەستوور بە ھەرێمی داوە، دەستوەردانی تێدا نەکەن، ئەگەر موشکیلەیەک ھەیە، ھەرێم پەرلەمانی خۆی ھەیە، پەرلەمانی دەبێت با پەرلەمان لێپرسینەوە لە حکومەت بکات، دادگەیەک یان پەرلەمانی بەغدا بە پێی دەستوور ئەو حەقەی نییە بێت، ئەو دەستوەردانە بکات لە ھەرێم.
ئەگەر حکومەتی ھەرێم پێچەوانەی دەستوور، پێچەوانەی یاساکان، هەڵسوکەوتی کرد، با پەرلەمانی کوردستان لێپرسینەوە لە حکومەت بکات.
ئیتر ئومێدەوارم ھەموو لایەک بە خۆیاندا بچنەوە و بگەڕێنەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە و بۆ دەستوور، بۆ ئەوەی ھەموو پێکەوە بتوانین لەمەودوا، رووبەڕووی ئەو گرفتانە نەبینەوە و من لێرەش دەڵێم ئەم شێوە رەفتارە کە لەگەڵ مووچە، لەگەڵ میللەتی کورد دەکرێت، لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکرێت، لە مەودا وەکو مانگەکانی پێشوو کردوویانە، بە ھیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. من ئەمە بە بێڕێزی دەزانم بۆ خوێنی شەھیدان، بۆ خەباتی گەلی کوردستان، بۆ مێژووی پڕ سەروەریی ئەم میللەتە، ئەم میللەتە لە برسێتی شۆڕشی نەکردووە.
ئەگەر ھەندێک خەڵک؛ کاکە تۆ کەرامەت و ئیرادەت ھەبێت، ھەموو وەختێک پارە دەبێت، بەڵام کەرامەت و ئیرادەت نەما، ئەم پارە چ قیمەتی ھەیە؟
ئەمە دەبێت چارەسەر بکرێت و کەس ناتوانێت ھەموو مانگێک، ئیتر ھەی فڵان ئیمزای کرد، ئیمزای نەکرد، رەزامەندی دا، رەزامەندی نەدا، بۆچی ئێمە دەرۆزەچین لەبەر دەرگەی ئێوە؟
ئەو وەختە ئەوەی کە ھەموو ئامانجی مووچە بێت و پارە بێت، با فەرموو بچێت بۆ خۆی چ بڕیارێک دەدات لەگەڵ ئەوان، ئەوانەی کە کەرامەت و ئیرادەیان لا مەبەستە و پاراستنی مێژووی پڕ سەروەریی شەھیدانی کورد و کوردستانیان لا مەبەستە، ئەوانیش بڕیاری خۆیان بدەن.
ھەر وەکو گوتم، ئێمە لەدوای 2003 بە نیازێکی پاک و بە ھەموو دڵسۆزییەکەوە چووینە بەغدا، ئێستاش ئەو نیازەمان ھەیە، ئەگەر ئەو نیازە لە بەغدا هەبێت؛ بەڵام من چاوەڕوانیم هەبوو، بەتایبەتی ئەوانەی ئێستا لەسەر حوکمن لە بەغدا، وەڵاھی چاوەڕوان بووم بەبێ بوونی ئێمە، ئەوان بەرگری لە حەقی میللەتی کورد بکەن، چونکە زۆر نان و نمەکمان پێکەوە بووە. من چاوەڕوانیم دەکرد خۆیان بێن، بڵێن ئێمە دەمانەوێت برینەکانی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی چوار یان پێنج ھەزار گوند و ئەمانە ھەموو سارێژ بکەین، نەوەک بێن بە بڕینی نانی ئەو خەڵکەی کە تووشی ئەو ھەموو کارەساتە بوون، بێن نانیشیان ببڕن، ئەمە لای من زۆر جێی سەرسوڕمان بوو بەڕاستی.
باشە ئێمەش داکوکی دەکەین، دەبێت بێن قەرەبووی ھەموو ئەنفالەکان بدەن، قەرەبووی کیمیابارانی ئەم میللەتە بکەنەوە، قەرەبووی ئەو چوار هەزار و 500 گوندە بکەنەوە، مادەم ئەوان ئەو بابەتانە دێننە ئاراوە، ئەمە حەقی میللەتی کوردە لەسەر ئەوە.
ئێمە گوتمان مادەم عێراقێکی تازە، ھەموو پێکەوەین، خەڵکی دیکەی عێراقیش ھەموو وەکو ئێمە موعاناتیان ھەبووە، فەرموو بەڵام ئێستا کە وەکو ئەوەی کە کورد جسمێکی غەریبە لەم وڵاتە؛ باشە ئەگەر بەشێکین لە عێراق، نابێت ئەم یارییە ناشیرینە بکەن لەگەڵ رزقی خەڵکی کوردستان، ئەگەر بەشێکیش نین لە عێراق پێمان بڵێن.
دۆخی نێوخۆ. لەدوای ھەڵبژاردنی پار لە مانگی ئۆکتۆبەر، بێگومان ھەڵبژاردنێک کرا، زۆر خەڵک پێیوابوو کە ھەڵبژاردن ناکرێت یان ئەگەر ببێت، تووشی گرفت دەبن و شتی ناخۆش روودەدات. هەوڵێکی زۆر درا کە ھەڵبژاردنێک پێشوەختە دەستنیشانکراو بێت کە کێ چەند کورسی دەبێت، ئەوە بوو سوپاس بۆ خودا بە خۆڕاگیریی پارتی ئەوە سەری نەگرت، بەڵام دیسانیش زۆر شت کرا کە پێیانوابوو پارتی تووشی گەورەترین شکست دەبێت. وەکو ئەوەی کردیان بە چوار بازنە، کۆمیسیۆن نەما، کۆمیسیۆنی بەغدا ھات، ئەمە ھەمووی قبووڵمان کرد؛ بۆ ئەوەی کۆتا، ستەمێکی گەورەیان لە برا تورکمانەکان و برا مەسیحییەکانیان کرد، ستەمێکی گەورە، بەڵام ئاخری گوتمان باشە، مادام ھەندێک لەو بڕیارە ستەمکارانەیە نەمان، گوتمان کەرەم بکەن.
کۆمیسیۆنی بەغدا بوو؛ ھیچ، یەک کەسی ئێمەی تێدا نەبوو، نازانم ئەگەر یەک کەس مابوو، هەبوو، کشابووەوە، نازانم وەڵاهی، بەڵام گرنگ ئەوە بوو کە لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی بەغدا بوو و ئەنجامەکانیش دەرکەوتن و ئەگەر یەک بازنە بووایە، پێنج یان شەش کورسیی دیکەیش زیاتر دەبوو، ئەگەر دەنگەکانی پارتی لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و ئەوانەی دیکەیش، ئەگەر ئەو کوردانە بێن، دەنگەکانی پارتی لە یەک ملیۆن تێدەپەڕن. ئەمە واتای وایە کە پارتی، حیزبێکی؛ وەکو حیزب، ناڵێم هاوپەیمانی؛ وەکو حیزب، حیزبی ژمارە یەک دەبێت لەسەر ئاستی عێراق، نەک لە کوردستان.
ئێستا پێویستە لەسەر حکومەتی بەغدا و لەسەر هەموو لایەنەکانی دیکە تەعامول لەگەڵ ئەو شەرعییەتە بکەن، کە خەڵکی کوردستان دەنگیان پێداوە. ئێستا گفتوگۆ هەیە، ئێمە داوامان کرد لە هەموو لایەنەکان، ئەوانەی کورسییان بەدەستهێنا، لە یەک کورسییەوە بگرە تاوەکو چەند کورسی، فەرموون وەرن با پێکەوە حکومەتێک پێکبهێنین، نەهاتن، زۆریان ئۆپۆزیسیۆنیان هەڵبژاردووە، ئێمە رێز لە بژاردەی ئەوان دەگرین، کەیفی خۆیانە، ئێستا گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتییە.
تائێستا قۆناخێکی زۆریان بڕیوە، بەڵام هێشتا ماوە، من ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە ئەوەی کە لە کاتی هەڵبژاردن باسم کرد، ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە، یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت، یەک پێشمەرگە. ئێمە پێمان خۆشە لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی، لەگەڵ برادەرانی دیکەیش، کێ بێن حکومەتێک تەشکیل بکەین، بەڵام حکومەتێک ئەم بنەمایانەی تێدا نەبێت، تەشکیل نەبێت باشترە.
ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین هەرچی زووتر و داواشم ئەوەیە هەرچی زووتر هەم لە پارتی و هەم لە یەکێتی، هەرچی زووترە حکومەت تەشکیل ببێت، بەڵام لەسەر ئەم بنەمایە. ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە نەبێت، ئێمە کاری خۆمان بەردەوام دەبێت، بەڵام حکومەتێک تەشکیل نابێت لەسەر بنەمای 50٪ بە 50٪.
بابەتێکی دیکە کە ویستم ئاماژەی پێبکەم، پرۆسەی ئاشتییە لە تورکیا. دوو سێ جار پێش ئێستا، دیسان هەوڵدرا بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ئێمە ئاگادار بووین و رۆڵیشمان تێیدا هەبوو، بەڵام بەڕاستی ئەوەی ئێستا کە هەیە، جیاوازە لەگەڵ ئەوانی ساڵانی پێشوو. ئەمجارە بە نزیکەیی هەموو حیزبەکانی تورکیا ئەوانەی لە حوکمن و ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنن هەموویان یەکدەنگن کە دەبێت ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکرێت و ئەمە گۆڕانێکی گەورەیە بەڕاستی. هەموو وەختێکیش ئەگەر رێگەی چارەسەری ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر کێشەیەک، ئەگەر ئینسان رێگەی شەڕ بگریتەبەر، خیانەتە؛ ئەگەر رێگەی ئاشتی هەبێت.
ئێستا مادەم رێگای ئەو شتە هەیە و ئەو هەنگاوانەی کە هەمووتان بەدواداچوونتان بۆ هەواڵەکان کردووە، ئێمە بە هەموو توانایەک پشتگیریی ئەو پرۆسەیە دەکەین و هەرچی لەسەر ئێمە پێویست بێت، پێمان بکرێت، ئامادەین بیکەین و ئومێد دەخوازین ئەو پڕۆسەیە سەر بگرێت و ناوچەکە هەمووی ئینشائەڵڵا لە زۆر ئەو گرفتانەی کە بەرۆکی گرتوون، رزگاریان ببێت.
لە سووریاش دیسان هەوڵێکی زۆرمان دا کە کورد یەکدەنگ بن و یەک هەڵوێست بن لەگەڵ دیمەشق، ئەوانیش رێگەی ئاشتی بگرنەبەر، ئەوانیش خەریکن ئیتر ئومێدەوارم لێرە ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە و بۆ دەستوور، لە سووریاش کێشەکە چارەسەر بکرێت، لە تورکیاش پڕۆسەی ئاشتی سەر بگرێت ئومێدەوارین کێشەکان لەگەڵ ئێرانیش هەمووی چارەسەر بکرێن، چ ئەوەی نێوخۆ و چ ئەوەی لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکا، ئیتر ناوچەکە بەگشتی ئاسوودە ببێت، ئەم خەڵکە رزگاری ببێت لەم هەموو ئێش و ئازارەی هەیە.
بەڕاستی ئێمە هەست بە ئێش و ئازاری هەموو میللەتەکان دەکەین، نەوەک هەر ئێمە، هی ئێمە ئەوەندە زۆرە، بەڵام هی خەڵکیش کەم نین، لەبەر ئەوە تەمەنا دەکەم ناوچەکە هەمووی، بەرەو ئاشتی بچێت، بەرەو گفتوگۆ بچێت، بەرەو لێکتێگەیشتن بچێت و لەبری ئەوەی پلان دژی یەکتری بگێڕن و مادەی هۆشبەر بۆ یەکتری بنێرن و قومبەلە و مووشەک بۆ یەکتری بنێرن، تەکنەلۆژیا بۆ یەکتری بنێرن، پەیوەندیی بازرگانی بەهێز بێت، پێکەوە هەوڵ بدەن چ باشە بۆ هەموو لایەک، ئەو سیاسەتە بگرنەبەر، سیاسەتی هاوکاری و هاوئاهەنگی.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە من تەمەنای سەرکەوتن دەکەم بۆ کۆنگرەی ئێوە، کۆنگرەیەکی سەرکەوتووە ئینشائەڵڵا.
هەرچیش پێویست بێت بۆ پشتیوانیی ئێوە دڵنیابن ئێمە درێخی ناکەین بۆتان، بەڵام کاریشمان لە ئێوە دەوێت، هەر بژین بە خۆشی و سەربەرز بن.