جووتیارە کوردەکەی کەرکووک: بە تۆمەتی تێکدان و ئاژاوەگێڕی دادگایی دەکرێم
رووداو دیجیتاڵ
116 کەسایەتیی دیار، ئەکادیمی، رۆژنامەنووس و چالاکڤان، نامەیەکیان ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان) کردووە، سەبارەت بە کەیسی دادگاییکردنی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک. ئەو جووتیارە دەڵێت، "بە تۆمەتی تێکدان و ئاژاوەگێڕی دراومەتە دادگا".
لە یاداشتەکەیاندا، ئەو 116 کەسایەتییە، ئاماژەیان بەوە کردووە ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوای لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کردووە رێکاری یاسایی دژی محەممەد ئەمین بگرنەبەر. هۆکاری ئەم داوایەش بۆ بەشداریکردنی ناوبراو دەگەڕێننەوە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی 17ی شوباتی ئەم ساڵ لە گوندی شەناغە، کە تێیدا بە شێوەیەکی شارستانیانە داوای گەڕاندنەوەی ئەو زەویانەی کردووە کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا دەستیان بەسەردا گیرابوو.
ئەو کەسایەتییانە پێیانوایە ئەو بڕیارە "سیاسییە و رووپۆشێکی یاسایی پێدراوە" و "جێبەجێکردنی بنەمای یاسایی نییە". هەروەها دەڵێن، ئەو نووسراوە "تەنیا کەموکوڕییەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بەردەوامیدانە بە سیاسەتی بەرنامەداڕێژراو و بەکارهێنانی کەرەستەکانی دەوڵەتە بۆ سزادانی ئەوانەی داوای مافی خۆیان دەکەن."
هەروەها جەخت لەوەکراوەتەوە، "محەممەد ئەمین، هەڕەشەی لە کەس نەکردووە و هانی کەسی نەداوە، هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی تێکنەداوە، بەڵکو مافێکی رەوای خۆی پیادە کردووە لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەی کراوە و داوای جێبەجێکردنی یاسا دەکات."
ئەوان پێیانوایە "ئەوەی لە دژی ئەو جووتیارە دەکرێت، بەردەوامی دانە بە هەمان عەقڵیەتی دەوڵەتی کۆن، کە پێیوایە هەموو داواکارییەکی مافێکی کورد هەڕەشەیە."
17ـی شوباتی 2025، لە سنووری شەناغە و سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام سوپای عێراق رێگریی لێکردن. ئەوان کۆڵیان نەدا، گرژی دروستبوو و ئازاری جووتیاران درا. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک، لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکان، لەلایەن سەربازانی عێراقی پەلاماردرا و سەربازێک لەسەر تراکتۆرەوە ملپێچەکەی راکێشا بۆ ئەوەی دایبەزێنێت، بەڵام نەیتوانی.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر رووداوەکەی 17ی شوباتی ئەم ساڵ، کە بەرگریم لە مافی جووتیارانی سنوورەکە کردووە، وەزارەتی بەرگریی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەرم تۆمارکردووە و ئەمنیان داوەتە دادگا."
نوێنەری جووتیارانی کەرکووک گوتیشی: "بە کەسێکی تێکدەر، ئاژاوەگێڕ و تێکدەری ئاشتیی کۆمەڵایەتیی ناوچەکە تۆمەتبارکراوم، لەکاتێکدا تەنیا بەرگریم لە مافی یاسایی جووتیاران کردووە. بۆیە ئێستا خاوەن ماف بووەتە جەلاد و جەلادیش بووەتە خاوەن ماف".
محەممەد ئەمین ئەوەشی خستەڕوو، لای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، زۆر بە خراپی باسی کراوە و خودی سوودانیش نووسراوی کردووە بۆ گرتنەبەری رێکار لە دژی. بەڵام روونیکردەوە، "دوای ئەوەی نووسراوەکە گەیشتە لای رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، نووسراوەکەی راگرتووە و روونکردنەوەی داوە کە ئەوەی لەبارەی منەوە دەگوترێت دوورە لە راستییەوە."