نێچیرڤان بارزانی بۆ مامۆستایان: ئێوە پارێزەری ناسنامە و بەها بەرزەکانی گەلەکەمانن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دا، ستایشی رۆڵی "مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایان" دەکات و رایدەگەیێنێت، "مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی پاراستنی ناسنامە و زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان بوون."
رۆژی هەینی، 15-05-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 64ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. تێیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ سکرتارییەتی یەکێتییەکە و تەواوی مامۆستایانی کوردستان خواست لە جێبەجێکردنی "پەیامە پیرۆزەکەیاندا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، مامۆستایان لە سەردەمی شۆڕشدا "سەنگەری هۆشیاری" بوون و لە رۆژگارە سەختەکانی دوای ئازادیشدا، بە دڵسۆزی و خۆڕاگریی خۆیان، رێگەیان نەدا پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن پەکبکەوێت.
نێچیرڤان بارزانی، مامۆستایانی بە "کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگە" ناوبرد و رایگەیاند: "برەودان بە تواناکانی مامۆستایان، وەبەرهێنانی راستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکانماندا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ مافەکانی مامۆستایان دووپاتکردەوە و گوتی: "جارێکی تر جەخت لە هەموو پشتگیرییەکم بۆ داوا رەواکانیان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ مامۆستایان دەکەمەوە، کە لەگەڵ ئەرک و پێگە و ماندووبوونیاندا بگونجێت."
نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان کرد کە لە مێژووی خۆیدا وەک "چەترێک بۆ کۆکردنەوەی مامۆستایان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان" کاریکردووە. هەروەها سڵاو و دروودی بۆ گیانی ئەو مامۆستایانە نارد کە تەمەنی خۆیان لەپێناو پەروەردە و ئازادیی کوردستاندا بەخشی.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی شەست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان و تەواوی مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی پەیامە پیرۆزەکەیاندا.
لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرهوه لە ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایان دەڕوانم. مامۆستایانی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە کە تەنیا فێرکار نین، بەڵکوو پهروهردهكارى خهمخۆر و پێشەنگی پاراستنی ناسنامە، زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمانن. لە سەردەمی شۆڕش و خەباتدا سەنگەری هۆشیاری بوون و لە ڕۆژگارە سەختەکانی دوای ئازادییشدا، بە دڵسۆزی و خۆڕاگری، نەیانهێشت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بوەستێت.
مامۆستایان کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگەن. برهودان به تواناكانى مامۆستایان، وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکانماندا. بۆیە جارێکی تر جەخت لە ههموو پشتگیریيهكم بۆ داوا ڕەواکانیان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ مامۆستايان دەکەمەوە کە لەگەڵ ئهرك و پێگە و ماندووبوونیاندا بگونجێت.
دەستخۆشی لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەم کە لە مێژووی خۆیدا هەمیشە چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی مامۆستایان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەو مامۆستایانەی تەمەنی خۆیان لەپێناو پەروەردە و ئازادیی کوردستاندا بەخشی.
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە هەمووان پیرۆز بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/5/15