بە بەشداری 118 گوند سەیرانی ساڵانەی هۆزی سلێڤانەیی لە زاخۆ بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
گوندی مێرگەسۆری ناحیەی باتێلی سنووری زاخۆ، بووە شوێنی کۆبوونەوەی هۆزی سلێڤانەییەکان.
هەزاران خێزان لە 118 گوندی پارێزگای دهۆکی سلێڤانەییەکان، سەیران و ئاهەنگی خێزانییان گێڕا.
لە دەنگی دەهۆڵ و زوڕناوە بگرە تاوەکو گۆرانی و هەڵپەڕکێی رەسەن، تابلۆیەکی رازاوەیان ئاوێزانی سرووشت کرد.
ئەم سەیرانە جگە لەوەی ساڵانەیە، پەیامێکی بەهێزی یەکگرتوویی و پاراستنی کولتووری ناوچەکەیە.
لە کاتێکدا ژمارەی سلێڤانەییەکان زیاتر لە 100 هەزار کەسە، ئەوان دەیانەوێت لە رێگەی ئەم سەیران و ئاهەنگانەوە ئەو پەیوەندییە قووڵە کۆمەڵایەتییەی جاران بگەڕێننەوە و بیپارێزن.