زمانناسێکی ئامەد: قسەکردن بە زمانی کوردی لەنێو گەنجانی باکووری کوردستان رووی لە کەمبوونەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
زانا فارقینی، زمانناس و لێکۆڵەر لە ئینستیتیوتی کوردیی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەوشی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان باش نییە و ئامارەکان نیشانی دەدەن کە قسەکردن بە زمانی کوردی لەنێو منداڵان و گەنجاندا رووی لە کەمبوونەوەیە، هۆکارەکەشی بۆ سیاسەتی تواندنەوە و قسەنەکردنی دایکان و باوکان بە کوردی لەنێو ماڵدا گەڕاندەوە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی پاشەکشەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، زمانناسەکە گوتی: "زیاتر لە 100 ساڵە سیستمێک هەیە کە زمانی قەدەخە کردووە و سیاسەتی سیستماتیکی تواندنەوەی پەیڕەو کردووە. خەڵک بۆ ئەوەی لە قوتابخانەکان کێشەیان بۆ دروست نەبێت و کار پەیدا بکەن، ناچار بوون بە زمانی تورکی قسە بکەن و گفتوگۆ بکەن."
ئەو زمانناسە رەخنەی تووند لە خێزانە کوردەکانی باکووری کوردستان دەگرێ و ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکە تەنیا سیستم نییە، بەڵکو "تەنانەت ئەو دایک و باوکانەی لە رووی سیاسی و نەتەوەییەوە زۆر هۆشیارن، لەنێو ماڵەکانیاندا زمانی زاڵ کە تورکییە بەکاردەهێنن. ئەوە بووەتە شتێکی ئاسایی بۆیان و زمانەکەیان بۆ منداڵەکانیان ناگوازنەوە. کاتێک زمانی بیانی چووە نێو ماڵەوە، چیدیکە ناتوانین باس لە داهاتوویەکی گەش بۆ ئەو زمانە بکەین."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی خەڵک لە باکووری کوردستان هێندەی پارچەکانی دیکە بە زمانی دایک قسە ناکەن، زانا فارقینی روونیکردەوە کە هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان هێندەی باکوور رووبەڕووی سیاسەتی تووندی تواندنەوە نەبووەتەوە؛ گوتیشی: "ئێستا نەوەی دووەم و سێیەم پێیانوایە قسەکردن بە تورکی شتێکی ئاساییە."
سەبارەت بەو بۆچوونەی کە هەندێک کەس پێیانوایە ئایدیۆلۆجیا لە زمان گرنگترە یان دەبێت چاوەڕێ بکەن تاوەکو سەرەتا مافە سیاسییەکان بەدەستدەهێنن ئینجا کێشەی زمان چارەسەر دەکەن، فارقینی دەڵێت: "زمان نیشانەی هەبوونی نەتەوە و ناسنامەیە. ئەو زمانەی لەنێوبچێت، ناتوانیت دواتر بۆ منداڵەکانی بگەڕێنیتەوە. ئەوەی دەڵێت با سەرەتا بگەینە مافە سیاسییەکانمان، بە بڕوای من ئەوە خەیاڵە. دەبینین لە جیهاندا نەتەوە هەن گەیشتوونەتە دەوڵەت و پەروەردەشیان بە زمانی دایکە، بەڵام ناتوانن زمانەکە بۆ منداڵەکانیان بگەڕێننەوە."
زانا فارقینی باسی لە لاوازبوونی پێگەی زمانی کوردی لە بازاڕ و دامەزراوە فەرمییەکاندا کرد و گوتی، تاوەکو زمان نەبێتە خاوەن بەهایەکی ئابووری و لە دامەزراوە و پارتە سیاسییەکاندا نوێنەرایەتی نەکرێ، لە بەرامبەر زمانی زاڵدا لاواز دەبێت و سەنگی خۆی لەدەستدەدات.
زمانناسی ئینستیتیوتی کوردیی ئامەد جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد لە باکووری کوردستان پێویستی بە ستراتیجییەکی زمانییە و دەبێت کەسە دیارەکان لە بازرگانی، میدیا، زانست و ژیانی رۆژانەدا کوردی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی زمانەکە لە پێش چاوی خەڵک شیرین بێت؛ هەروەها دووپاتیکردەوە: "تاوەکو زمان نەبێتە زمانی پەروەردە و منداڵان لە قوتابخانەکان بە زمانی دایک نەخوێنن، تەنیا بە مافی قسەکردن و فێربوون کێشەکە چارەسەر نابێت."
فارقینی رۆژی هەینی لە ئامەدەوە لە بوولتەنی کاژێر 11:00ی رووداودا بەشدار بوو کە وارشین ساڵح پێشکێشی کرد.