کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێ

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. کەشناسێک داوا لەو کەسانە دەکات دەچنە سەیران، لەکاتی برووسکەدا نەچنە ژێر دارەکانەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی کەشناسی دا هاتووە: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت، پێشبینی دەکرێت هەندێک کات تاوەباران و هەورە برووسکە بێت".
 
کەشناسی دەڵێت: "هەر ئەمڕۆ هەینی لە هەندێک ناوچە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ؛ خۆڵ و باران هەیە، بەتایبەت لە بەشێکی سنووری پارێزگاکان هەولێر و دهۆک، ناوچە دەشتاییەکانی باشووری هەرێمی کوردستان و سنووری ئیدارەی گەرمیان".
 
"سبەی تۆزێکی سوک لە کەشدا دەبێت، هەروەها لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانبارین هەیە، کە هەندێک کات بەشێوەی تاوەباران و هەورە بروسکە دەبێت". ئەوەش پێشبینی کەشناسیی هەرێمی کوردستانە بۆ کەشوهەوای سبەی شەممە.
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەینی و شەممە کەشوهەوا جێگیر نابێ و ئەگەری هەور و باران و چالاکبوونی خێرایی با و هەندێک تۆز و خۆڵ و بارانی قوڕاوی هەیە".
 
موفتی دەڵێت: "ئەمڕۆ کەش جێگیر نییە بۆ گەشت و سەیران، ئەوانەی دەچنە دەرەوە ئاگاداری خۆیان بن ئەگەر هەورە برووسکە هەبوو بچنە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان و نەچنە ژێر دارەکان، چونکە ژێر دار بۆ برووسکە مەترسیدارە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بسبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلەی سیلزی دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 28 پلەی سیلیزی 
سلێمانی: 26 پلەی سیلیزی 
دهۆک: 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 28 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 30 پلەی سیلیزی
پیرمام: 25 پلەی سیلیزی
سۆران: 25 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 14 پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ: 29 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 35 پلەی سیلیزی