شوێنەوارەکانی کفری دەڕوخێندرێن؟ قایمقام روونکردەوە دەدات

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوێک لە قەزای کفری رایگەیاند، لە رۆژانی هەینی دا خانووە کەلەپووری و شوێنەوارییەکان دەڕووخێندرێن. قایمقامی قەزاکەش دەڵێ، داوایان کردووە وەزارەتی دارایی 14 خانووی کۆن بکڕێتەوە و بۆیان نەکڕیون. ئاماژە بەوەش دەکات، "هەموو خانوویەکی کۆن شوێنەوار نییە".
 
رێکخراوی پاڵپشتیی شاری کفری بۆ پەرەپێدان، رۆژی هەینی راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "بانگەواز" بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کەسانێک هەن تەنیا خەمی پارە و گیرفانی خۆیانە، بێباکانە و بێ حیسابکردن بۆ مێژوو و شوێنەوار و هەبوونی حکومەت، بێ حیسابکردن بۆ لیژنەی ئەمنی شار بەردەوامن لە رووخاندنی شوێنەوار و خانووە کەلەپوورییەکان".
 
رێکخراوەکە کە بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ لە قەزاکەیان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد دەڵێن، ئەوانەی خانووەکان دەڕووخێنن "پشووی رۆژانی هەینی دەقۆزنەوە و خانووە کۆنەکانی کفری دەڕوخێنن". دەشپرسن، "ئایا چۆن ئەو کەسانە دەتوانن بە رۆژی رووناک خانووە کەلەپوورییەکان بڕوخێنن؟ ئایە رۆژانی پشوو حکومەت نامێنێت؟ ئەو کەسانە مۆڵەتیان لە کێ وەرگرتووە؟".
 
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو شوێنێکی کۆن شوێنەوار نییە، لە ساڵانی 2017ـەوە بە لیستێک داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە 14 خانوو هەیە لە لیستی شوێنەواردا بیکڕنەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایییەوە تاوەکو ئێستا نەکڕدراونەتەوە".
 
سەبارەت بە پۆلێنکردنی خانووە کەلەپوورییەکان، قایمقامی کفری گوتی: "هەر خانوویەک کۆن بێت، موڵکی خەڵکیش بێت ئێمە ناتوانین بڵێین شوێنەوارە، دیاریکردنی خانوو بە شوێنەوار رێوشوێنی خۆی هەیە و دەبێ تەمەن و وردەکارییەکانی بزاندرێ، سەرەڕای ئەوەش لە گەڕە کۆنەکانی کفری هەر کەس بیەوێ خانووی کۆن نۆژەن بکاتەوە دەبێت بچێتە شارەوانی نووسراو پێشکێش بکات، شارەوانیش پرسی شوێنەوار دەکات، شارەوانی مۆڵەتی بەو کەسانە داوە کە خانوویان رووخاندووە، دیارە ئەوەش لە لیستی شوێنەواردا نەبووە".
 
لە راگەیێندراوی رێکخراوەکەدا چالاکڤانانی کفری داوا دەکەن، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە خانووە کۆنەکانی شارەکە تێکدەدەن و نۆژەنی دەکەنەوە.
 
ساهیر عەلی گوتی: "ئەو خانووانەی لەنێو لیستی شوێنەواردان تێكدان و نۆژەنکردنەوەیان بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کراوە. بەڵام خانووە کۆنەکانی دیکە داواکارییان هەیە، دەڵێن لێمان ناکڕدرێتەوە دەبێ رێگەمان بدرێ نۆژەنی بکەینەوە".