هاتووچۆی هەولێر ڤیدیۆی رووداوێکی 'تۆقێنەر' بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڤیدیۆی رووداوێکی هاتووچۆی "تۆقێنەر"ی لە شووشتنگەیەکی ئۆتۆمبێل بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا شاگردێکی شوشتنگەکە بە سەختی بریندار دەبێت.
 
فازل حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، شەوی رابردوو 14-06-2023 لە شووشتنگەیەک لەناو ناحیەی کەسنەزان، شاگردێکی شووشتنگەکە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی بەرەو شوێنی شووشتن بردووە و لەو کاتەدا لەبەر ئەوەی پۆتینێکی تەڕی گەورەی لەپێدا بووە، قاچی لە پایدەری بەنزین گیربووە و ئۆتۆمبێلەکە بە خێراییەکی زۆر بەرەو دیواری شووشتنگەکە رۆیشت و لە شاگردێکی دیکەی دا.
 
ئەو شاگردەی شووشتنگەکە کە لە رووداوەکەدا بووەتە قوربانی، لەپێش ئۆتۆمبێلەکە وەستاوە تاوەکو رێڕەوی پێ نیشانبدات و وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلەکە خۆی پێدا دەکێشێت و شاگردەکە دەکەوێتە نێوان دیوارەکە و ئۆتۆمبێلەکە و "زۆر بە سەختی بریندار دەبێت."
 
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، شاگردێکی دیکە کە لەکاتی رووداوەکە سەرقاڵی شووشتنی ئۆتۆمبێلە، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بەخێرایی لەکاتی رووداوەکەدا بەمەبەستی بەهاناوەچوون بەرەو لای شاگردەکە رادەکەن.