سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: نێچیرڤان بارزانی بەپەرۆشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و هەر خۆی ئێمەی بانگهێشتکرد بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە گرنگە.
رۆژی پێنجشەممە 15-06-2023، دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سلێمانییەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە بوولتەنی کۆڕۆژی رووداو بەشداربوو کە لە کاژێر 23:00 پێشکێش دەکرێت و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
عومەر ئەحمەد رایگەیاند، ئەمڕۆ وەک ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرابوون. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشی جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ئەندامانی رێکخراوی یونامیشی کردبوو.
بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە، وەک عومەر ئەحمەد دەڵێت، "بۆشاییەکی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و زۆر گرنگە هەڵبژاردن بکرێت، ئێمەش ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەوەی ئەمە بە ئەرکی نیشتمانی خۆمان دەزانین کە لە کاتێکی گونجاو بەپێی ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بەوپەڕی شەفافییەت و دەستپاکی و بەدیهێنانی دادپەروەری هەڵبژاردنەکان، ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببەین."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند: سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەهۆی بوونی بۆشایی یاسایی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە دۆخی حکومەتی کاربەڕێکەر، زۆر پێویستە هەڵبژاردن بکرێت و داوای لێکردین هەڵبژاردنەکان لە هەموو روویەکەوە بەڕێوەببەین. ئێمەش وەڵامی داواکارییەکەمان دایەوە و پێمان راگەیاندن بەو مەرجەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەبەین کە بەپێی ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت.
عومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵبژاردنی 2021 متمانەی بۆ جەماوەر گەڕاندەوە و هەرگیز دەنگدەر نەیدەزانی کۆمیسیۆن بەمشێوەیە ئەرکەکانی بەجێ دەگەیێنێت. لەسەر ئەم بنەمایەش هەست دەکەین جەماوەری هەرێمی کوردستان بە لایەنە سیاسییەکانیشەوە متمانەیەکی زۆر باشیان بە ئێمەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش شایەتی دەستپاکیمان بۆ دەدەن."
لەبارەی هەڵوێستی پلاسخارت و یونامی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەوان لە هەڵبژاردنی عێراقدا زۆر هاریکار و پاڵشتیکارمان بوون، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش لەم کۆبوونەوەیەدا پشتیوانی خۆیان ئاشکراکرد و ئامادەییان دەربڕی کە لە هەموو روویەکەوە هاوکارمان دەبن."
جەختی لەوەش کردەوە: کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێگەی بەکارهێنانی سیستمی تەکنەلۆژیای نوێ و پێشکەوتوو هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەبەن و بە پشتبەستن بە نووسینگەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانیش ئەم کارە دەکەن و ئەگەر پێویستیان بە کارمەندی زیاتریش بێت، کارمەندانی نووسینگەکانی پارێزگاکانی عێراق دەهێنن و رەنگە گرێبەستی یەک رۆژیش لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند، "لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێککەوتین بۆ ئەوەی پەیوەندیی بەردەواممان هەبێت بۆ ئەوەی کاتی هەڵبژاردنەکان دیاری بکەین. پێویستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمیمان بۆ بنێرێت داوای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنمان لێبکات و ئێمەش لیستی داواکارییەکانمان بە بڕگە پێشکێش دەکەین."
هەڵبژاردنەکە، وەک عومەر ئەحمەد دەڵێت، بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان (کە لە ساڵی 1992 دەرچووە و لە ساڵی 2013 هەموارکراوەتەوە) کار دەکەن. بەهۆی ئەوەی ئەم یاسایە کارایە و هەر ئەم یاسایەش بەکاردەهێنن، بەڵام ئەوان لەبەر رۆشنایی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان رێنمایی و رێکار دەردەکەن.
دادوەر عومەر ئەحمەد لەبارەی لیستی داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لیستی داواکاریمان پێشکێشی حکومەتی عێراق کرد کە لە 350 خاڵ پێکهاتبوون. حکومەتی عێراقیش رەزامەندی بۆ هەموو خاڵەکان دەربڕی و پارەیان پێداین و بودجەی تایبەتیان بۆ دابینکردین، لەگەڵ سەرجەم پێداویستییەکانمان و ئێمەش ئەم هەڵبژاردنە کە بڕیارە لە 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەببەین.
بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، دادوەر عومەر ئەحمەد رایگەیاند، هەرگیز ناکرێ دوو هەڵبژاردن لەیەک کاتدا بکرێت، بۆیە دەبێ دوو رێکەوتی جیاواز هەبێت، بەپێچەوانەوە کاریگەری بەسەر کوالێتی ئەدای کارەکانیانەوە دەبێت.
گوتیشی، هەر کاتێک مەرجەکان و لیستی داواکارییەکانیان پەسندکران و بودجەیان بۆ تەرخانکرا، "لانیکەم شەش تا حەوت مانگمان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین. هەروەها بەپێی یاسا ئێمە بڕیار دەدەین شێوازی هەڵبژاردن چۆن بێت ئەلیکترۆنی یان دەستی بێت. لەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسمان لە شێوازی هەڵبژاردنەکانیش کرد کە دەبێت ئەلیکترۆنی بێت."
لە کۆتاییشدا، دادوەر عومەر ئەحمەد رایگەیاند: کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دامەزراوەیەکە و لە رووی تەکنیکییەوە هەڵبژاردنەکان رێکدەخات و بەڕێوەیان دەبات، هیچ پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە، ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت؛ ئێمە لە رووی تەکنیکییەوە هیچ کێشەمان نییە و هەڵبژاردنەکان لە هەموو دۆخێکدا دەکەین.