زیاتر لە 200 هەزار تۆن گەنم لە کەرکووک وەرگیراوە

رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای کەرکووک وەرگیراوە و پرۆسەی وەرگرتنی گەنمیش بەردەوامە. 
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 هەزار تۆن گەنم لە هەر چوار سایلۆی کەرکووک وەرگیراوە".
 
لە 25ی مانگی رابردووەوە وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک دەستیپێکردووە. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، رۆژانە 10 بۆ 12 هەزار تۆن گەنم رادەست دەکرێت.
 
لە کەرکووک چوار سایلۆ هەن: کەرکووک، زاب، حەویجە و تازە. عەبدوڵڵا میروەیس گوتی، سایلۆی تازە پڕبووە، بۆیە ئێستا گەنم لە عەبادات هەڵدەگیرێت کە نزیکە لە سایلۆی تازە.
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک 45 بۆ 50 رۆژ دەخایێنێت، ئەگەر پێویست بکات وادەکە درێژدەکرێتەوە. هەروەها گوتیشی، گەنمی بنەتۆش وەردەگیرێت.
 
بۆ ساڵى 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵ بوو بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
 
عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک دووی ئەم مانگە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، رووبەرى دانەوێڵەی دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک 250 هەزار دۆنمە، کە بە هەمان نرخى گەنمى نێو پلانى کشتوکاڵى وەردەگیرێت.
 
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بە شێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.