بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا 450 دۆنم دارستان و پاوان سوتاون

روودا- بەرواری باڵا

بۆردوومانەکانی تورکیا زیانی بە دارستانەکانی دهۆک گەیاندووە و بەپێی ئامارەكان 450 دۆنم  دارستان و پاوان لە دەڤەری بەرواری باڵا سوتاون، بەڕێوەبەری شارەدێی كانی ماسێ‌ دەڵێت، لەماوەی ساڵێكدا 16 ملیاریان بۆ قەرەبوونی زیانەكان تەرخانكردووە.

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەتۆمەتی بۆردوومانكردنی پەكەكە، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە سنوورەكانی باشووری كوردستان بۆردوومان دەكەن.

هاونیشتمانیانە ناوچەی بەرواری باڵا دەڵێن، بەچاوی خۆیان سووتانی زەی و پاوانەكانیان دەبینن، بەڵام لەبەر پەکەکە و تورکیا ناتوانن بچنەوە سەر زەوییەکانیان.

سامی ئۆشانە، بەڕێوەبەری شارەدێی كانی ماسێ‌  بە رووداوی گوت "لە ساڵی رابردووەوە تاوەكو ئێستا نزیكەی 16 ملیا دینار پارەمان بۆ ئەو زەرەر و زیانانە تەرخان كردووە كە بەر رەز و دارستانەكان كەوتووە، لەو 16 ملیارە 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ قەرەبووی دارستانەكان بووە و سێ‌ ملیاریشی بۆ رەز و باخ و بێستانەكانی خەڵك بووە".