لە ئیلام گەرما 50 پلەی تێپەڕاند و کەشناسیی ورمێش هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان گەرما 50 پلەی تێپەڕاند و کەشناسیی پارێزگای ورمێش پێشبینی دەکات، ئەم هەفتەیە بارانی بەخوڕ ببارێت و هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی گەرما لە بەشێکی ئەو پارێزگایەدا 50 پلەی تێپەڕاندووە و چاوەڕوان دەکرێت گەرماکە تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە بەردەوام بێت.
 
سیرووس نادری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ئیلام بە میدیاکانی گوت، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی شەممە، 15-7-2023ـەوە پلەی گەرما لە هەندێک ناوچە "دوو بۆ سێ پلە بەرزتر بێتەوە" و داوای کرد هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان ئەوەندەی بۆیان دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە. 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ئیلام، "رۆژی سێشەممە، 18ـی تەممووز شەپۆلی گەرماکە تێدەپەڕێت و چاوەڕوان دەکرێت گەرما لە سەرجەم پارێزگاکەدا 3 پلە بۆ 4 پلە دابەزێت".
 
هۆشداریی دروستبوونی لافاو لە ورمێ دەدرێت 
 
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینی کردووە، ئەم هەفتەیە باران سەرانسەری پارێزگاکە بگرێتەوە.
 
مەهدی سابیری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی شەممە 15ـی تەممووزەوە شەپۆلێکی بارانبارین سەرانسەری پارێزگای ورمێ بگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت.
 
مەهدی سابری رایگەیاند، "ئەگەری بارانی بەخوڕ، دروستبوونی لافاو و بارینی تەرزە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگەکە بەهێزە" و بەهۆی هەبوونی هەورەبرووسکەیشەوە داوا لە هاونیشتمانییان "بە تایبەتی شاخەوان و شوانەکان" دەکات نەچنە شوێنە بەرزەکان. 
 
کەشوهەوای پارێزگای لورستانیش زۆر گەرم نییە
 
بەگوێرەی کەشناسی پارێزگای لورستان، ئەمڕۆ شەممە 15ـی تەممووز گەرما لە پارێزگاکە لە نێوان 39 بۆ 41 پلەی سیلیزی دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی هەفتەدا گەرما چوار بۆ پێنج پلە دابەزێت.
 
پلەی گەرما لە سنە بەرز دەبێتەوە
 
شەپۆلێکی گەرما پارێزگای سنەی گرتووەتەوە و بەگوێرەی کەشناسی پارێزگاکە، رۆژی شەممە 15ـی تەممووز پلەی گەرما لەنێوان 37 بۆ 44 پلەی سیلیزی دەبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سنە پێشبینی دەکات لە رۆژی شەممە 15ـی تەممووزەوە تا رۆژی سێشەممە 18ـی تەممووز ئەم گەرمایە لەو پارێزگایە بەردەوام بێت و لە کۆتایی هەفتەدا دابەزێت.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە کرماشانەوە هەیە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ شەممە 15ـی تەممووز پلەی گەرما لە نێوان 41 بۆ 45 پلەی سیلیزی بێت و لە رۆژانی داهاتوویشدا لە هەندێک ناوچە بگاتە نزیکەی 49 پلە.