میدیای تورکیا: میت بەرپرسێکی هەسەدەی لە منبج کردووەتە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی تورکیا بڵاوی کردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەرپرسێکی شانەی هەواڵگریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یان لە منبج کردە ئامانج، بەڵام تائێستا هەسەدە گیانلەدەستدانی بەرپرسەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، هەیسەم جومعە ناسراو بە ئەبو دەحام کە لەدایکبووی رۆژئاوای کوردستانە و یەکێکە لە بەرپرسەکانی شانەی هەواڵگریی هەسەدە لە منبج، رۆژی 9ی تەممووز لەلایەن تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە رۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەبو دەحام بەرپرسی هێرشەکەی ساڵی 2020ی سەر عەفرین بوو" کە بە تانکەرێکی بۆمبڕێژکراو کرا، بەهۆیەوە 40 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا. "هەروەها داڕێژەری سێ هێرشی ماتۆرسکیلی بووە لە ناو عەفرین". میدیای تورکیا دەڵێت: "بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەبوو دەحامەوە  47 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، کە 11یان منداڵ بوون." 
 
پارساڵ، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت)، 41 ئۆپەراسیۆنیان لە دەرەوەی تورکیا کردووە. لە ئەنجامدا 26 کەس کراونەتە ئامانج و 39 کەس دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە تورکیا.  
 
تاوەکو ئێستا ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی بە ئامانجکردنی هەیسەم جومعە بڵاونەکراو نەکرووەتەوە.