بەشێکی بارەگای لقی گەرمیانی یەکێتی مامۆستایان رووخێندرا: "دەکرێتە بازاڕ"
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی بارەگای لقی گەرمیانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رووخێندرا، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، شوێنەکە موڵکی شارەوانی بووە و پەلەیان لێکردوون و پێش چۆڵکردن رووخاندوویانە. سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت، شارەوانی بۆ ماوەی 24 ساڵ شوێنەکەی داوە بە کرێ و دەکرێتە بازاڕ.
رۆژی شەممە، 15ـی تەممووزی 2023، ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بارەگای لقی گەرمیانیان، کە موڵکی شارەوانی کەلار بووە و ماوەی چەند ساڵێک بە نرخێکی "کەم" دراوەتە ئەوان، ئەمڕۆ پێش ئەوەی چۆڵی بکەن بەشێکی بارەگەکەیان رووخاندووە.
ئەحمەد گەرمیانی گوتی، شارەوانی پێشتر ئاگاداری کردوونەتەوە، کە شوێنەکە چۆڵبکەن، بەڵام ئەوان شوێنێکی "باشیان" دەستنەکەوتووە لقەکەیانی بۆ بگوازنەوە.
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "تاوەکو سبەی یەکشەممە ئارامیان بگرتایە شوێنەکەمان چۆڵ دەکرد، بەڵام بەداخەوە دەستیان بە رووخان کردووە و کارێکی باشیان نەکردووە".
بارەگاکە بەشێکی رووخێندراوە، بەڵام ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت: "رووخانەکە لەلایەن شارەوانییەوە راگیراوە؛ بەڵام یەک بلۆکیش رووخابێت هەموو مامۆستایانی نیگەران کردووە".
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شوێنەکە موڵکی شارەوانییە و لەنێو جەرگەی بازاڕدایە و زۆریش کۆن بووە، یەکێتیی مامۆستایان گرێبەستیان تەواو بووە و مۆڵەتی 48 کاژێرمان پێدابوون چۆڵی بکەن، بەڵام وادەبێتە نزیکەی مانگێک و چۆڵیان نەکردووە؛ ناچاربووم رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرمەبەر، نەشمان رووخاندووە و تەنیا سیاجەکەیمان رووخاندووە و چواردەوریمان پاککردووەتەوە".
سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێت، شوێنەکەیان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بۆ ماوەی 24 ساڵ بە کرێ داوە و شوێنەکەش دەکرێتە بازاڕ.