لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە کەلار و چەمچەماڵ 15 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە کەلار رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە 10 کەس برینداربوون کە 9 یان منداڵن. لە قەزای چەمچەماڵیش لە رووداوێکی هاتووچۆدا پێنج کەس برینداربوون، کە ئەندامی یەک خێزانن.
رۆژی شەممە، 15ـی تەممووزی 2023، موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لەسەر رێگەی گردەگۆزینە - کەلار بووە، کاتێک مینی پاسێک ویستوویەتی بسووڕێتەوە، لەگەڵ پیکابێکدا پێکیانداداوە و لە ئەنجامدا 10 کەس برینداربوون، کە نۆیان منداڵ بوون.
سامان عەلی گوتیشی، منداڵەکان لە مینی پاسەکەدا بوون و فێرخوازی خولێکی هاوینە بوون؛ بریندارەکەی دیکە شۆفێری پیکابەکەیە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێنج بریندار براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ، کە ژن و پیاوێک و سێ منداڵیانن و بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە لەسەر رێگەی چەمچەماڵ - سەنگاو برینداربوون.
شەریف رەحیم گوتیشی، پیاوەکە تەمەنی 34 ساڵە و هاوژینەکەی 30 ساڵ، تەندروستیی هەردووکیان و منداڵەکانیان "باشە" و لەژێر چاودێریی پزیشکدان.
هاوکات عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لە سنوورەکەیان ئاگادار نەکراونەتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەن.
هەر ئەمڕۆ شەممە، لە نزیک ئەلقوش لە نزیک شاری دهۆک لە رووداوێکی هاتووچۆدا چوارکەس گیانیان لەدەستدا کە ئەندامی یەک خێزان بوون.
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لەنێویاندا 773 رووداوی وەرگەڕان هەبوون، لە ئەنجامی کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.