HKN: بەهۆی هێرشێکەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی سەرسنگ وەستاوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی لە بەیاننامەیەکدا پشتراستیکردەوە کە رووداوێکی تەقینەوە لە کێڵگەی سەرسنگ روویداوە و بەو هۆیەوە ناچاربوون، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بوەستێنن.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەکەن و هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
HKN دەڵێت رووداوەکە کاژێر 7:00 ـی بەیانی بە کاتی هەولێر روویداوە و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری تەقینەوەکە دەکرێت.
HKN هەروەها رایگەیاندووە کە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.
ڤیدیۆیەکی دیکەی کێڵگەی نەوتیی سەرسنگ لە سنووری دهۆک کە بە گوتەی چەند شایەتحاڵێک بۆ رووداو، ئەم بەیانییەوە هێرشکراوەتە سەری. pic.twitter.com/VU8mhD77SS
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 15, 2025
ئەو کێڵگەیەی هێرشی کراوەتە سەر دەکەوێتە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە قەزای ئامێدی.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ناحیەکە، پشتڕاستیکردەوە کە هێرش کراوەتە سەر کێڵگەکە و بە رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە گوندى ملبرکێ سنوورى ناحیەى چەمانکێ سەر بە قەزایى ئامێدى هێرشێکى ئاسمانى کرایە سەر کێڵگەیەکى نەوت.
سەرچاوەکە گوتی: "بەهۆى ئەو هێرشە ئاگر لە کەمپى کێڵگەکە و چەند شوێنێکى دیکە کەوتووەتەوە، تیمى بەرگرى شارستى گەیشتوونەتە شوێنى رووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێرشەکە هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی مادی هەبووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا تاوەکو ئێستا روون نییە، هێرشەکە لە رێگەی رۆکێتەوە بووە، یان درۆن.
بەپەلە؛ بەگوتەی ژمارەیەک کارمەندی کێڵگە نەوتییەکە بۆ رووداو کە ئەم ڤیدیۆیەیان ناردووە، کەمێک لەمەوبەر "هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتیی ئەترووش" لە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆک. pic.twitter.com/W0Jo14U5sm
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 15, 2025