هێزە ئەمنییەکانی ئامێدی: نازانین هێرشەکەی سەرسنگ درۆن بووە یان تەقینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت، سەرچاوەی هێرشەکە نازانن. کۆمپانیاکەش رایگەیاند، بەرهەمهێنانیان وەستاندووە.
 
تەقینەوەکە نزیک کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە روویداوە. ئەفسەرێکی باڵای ئەمنی لە ئامێدی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکە زیانی مادی هەبووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
 
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، تاوەکو ئێستا نازانن هێرشەکە درۆن بووە، یان بەهۆکارێکی دیکە، ئەوەی هەیە تەقینەوەیەک بووە و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن.
 
دوای تەقینەوەکە کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی کە لە کێڵگەکەدا کار دەکەن رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوە لە کێڵگەی سەرسنگ بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرتووە.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت: "ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەکەن".
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، شەوی رابردوو لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر.
 
دوای هێرشەکە سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هێرشەکەدا هیچ زیانی گیانی نەبووە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، هەر شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا پەیجی دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 20:20 و 20:25، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".