لە دوو هەفتەدا 11 جار بە درۆن هێرشکراوەتە سەر باشووری کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 11 هێرشی درۆنی دژی باشووری کوردستان کراوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێرشەکان سهقامگيرى و وهبهرهێنانى نێوخۆیی دهخەنە مهترسييهوه. پسپۆڕێکی سەربازییش دەڵێت: "لە پشت هێرشەکانەوە دوو پەیام هەن".
بە گوێرەی بەدواداچوونەکە، سێ هێرش، بە چوار درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کراون، سلێمانی بە پێنج درۆن، چوار هێرش کراون، لە دهۆک دوو هێرشی درۆنی کراوە و لە کەرکووکیش سێ هێرش هەبووە، دووانیان درۆن و ئەوی دیکەش بە مووشەک بووە.
دوایین هێرش بەیانی ئەمڕۆ بوو، کە کرایە سەر کێڵگەیەکی نەوت لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.
لەبارەی هێرشەکانەوە، رۆژی سێشەممە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "به تووندى سهركۆنهى ئهو هێرشانه دهكهين كه به درۆن دهكرێنه سهر ژێرخان و ناوچه جیاجياكان له ههرێمى كوردستان و لهو چوارچێوهيهدا دوێنێ و ئهمڕۆ كێڵگهى نهوتييان له ناوچهكانى خورمهڵه و سهرسنگ به ئامانج گرتووه".
سەرۆکایەتیی هەرێمی ئاماژەی بەوە کردووە: "پێویستە حكومهتى فيدراڵى عێراق ههموو رێكارێكى بهپهله و پێويست بگرێتەبهر بۆ رێگهگرتن لهو هێرشانه و دۆزينهوهى هێرشبهران و سزادانيان. ئهو هێرشانه سهقامگيرى و سهروهريى وڵات و وهبهرهێنانى نێوخۆيى و بيانى دهخهنه مهترسييهوە".
هێرشەکانی سنووری هەولێر
لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ، سێ هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر و تێیدا چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێندراوە.
- 14ـی تەممووز، بە دوو درۆن کێڵگە نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کرایە ئامانج. دوای رووداوەکە بەرپرسێکی باڵای ئەمنی بە رووداوی گوت: "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە".
- هەر 14ـی تەممووز، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندراو خرایە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبوو".
- بەرەبەیانی 03ـی تەممووز، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە.
هێرشەکانی سنووری سلێمانی
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە سنووری سلێمانی چوار هێرش بە درۆن کراون.
هێرشەکانی سنووری سلێمانی بەمشێوەیە بووە:
- 15ـی تەممووز، بە درۆن هێرش کرایە سەر سنووری ناحیەی تەکیە لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.
- شەوی 10ـی تەممووز، درۆنێک لە نزیک بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی 70 لە شاری سلێمانی خرایە خوارەوە.
- 03ـی تەممووز، درۆنێک لە سنووری قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان کەوتە خوارەوە.
- 01ـی تەممووز، لە سلێمانی دوو درۆن خرانە خوارەوە. دوای رووداوەکە ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی 70ی هێزەکانی پێشمەرگەی بە رووداوی راگەیاند: "یەکێکیان لە سنووری تاسڵوجە بوو و ئەوەی دیکەش لە دەرەوەی بارەگەی هێزەکانی یەکەی 70."
هێرشەکانی سنووری دهۆک
لە 15 رۆژی رابردوودا، دوو جار هێرشکراوەتە سەر سنووری پارێزگای دهۆک و بەمشێوەیە بووە:
- 15ـی تەممووز بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، بەهۆیەوە کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی کە لە کێڵگەکەدا کار دەکەن بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرت.
- 01ـی تەممووز، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کامپی دەرکار لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە.
هێرشەکانی سنووری کەرکووک
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، لە سنووری کەرکووک سێ هێرش کراون، دووانیان بە درۆن بووە و ئەوی دیکەش مووشەک.
- 11ـی تەممووز، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ لە پارێزگای کەرکووک تێکشکێندرا.
- 03ـی تەمموز، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گەڕەکی بەدر لە شاری کەرکووک نزیک لە شەقامی فڕۆکەخانەی شارەکە کەوتە خوارەوە.
- 01ـی تەمموز، سێ مووشەک لە کەرکووک کەوتنە خوارەوە، دوو لە مووشەکەکان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکووک و ئەوەی دیکەش لە گەڕەکێکی شارەکە کەوتە خوارەوە.
پسپۆڕێکی سەربازی: لە پشت هێرشەکانەوە دوو پەیام هەیە
جەبار یاوەر، فەریقی سەربازی، لەبارەی بکەرانی هێرشەکانەوە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دیارە پێشتر وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش باسیکردووە، کە هێرشەکان لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە دەکرێن، کە خۆیان ناوناوە بەرەی موقاوەمە".
جەبار یاوەر کە پێشتر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بووە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوانەی هێرشەکان دەکەن دوو پەیامیان هەیە، یەکێکیان پەیوەندی بە نەوت، مووچە و بودجە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە و ئەوی دیکەش شەڕی ئێران و ئیسرائیل".
ئەو پسپۆڕە سەربازییە گوتی: "پەیامێکی هێرشەکان پەیوەندی بە ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە، بەتایبەت لە پرسی نەوت و وزەدا، ئەوان بە باوەڕی خۆیان بەو هێرشانە گوشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان".
فەریق جەبار یاوەر، هۆکارێکی دیکەی هێرشە درۆنییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و دەڵێت: "لەکاتی شەڕەکەدا خەڵکێکی زۆر و سۆشیاڵمیدیا لە هەرێمی کوردستان دەیانگوت ئێران دەڕووخێت و دوای ئەویش نۆرەی عێراق دێت، گرووپەکانی بەرەی مقاومە بەوە تووڕەبوون و ئەوان وای لێکدەدەنەوە، کە بەشێکی لایەنە سیاسییەکان و حکومەتیش لەو بۆچوونانەدا بەشداربوون".
جەبار یاوەر ئاماژەی بە هەڵوێستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەکاتی جەنگەکەدا کرد و گوتی: "رەخنەی گرووپە چەکدارەکان لەوەیە گوایە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەکاتی جەنگدا لاواز بووە، بەڵام راست نییە، چونکە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە راگەیێندراوی فەرمی لە سەرەتای شەڕەکەدا هەڵوێستێکی جوان و هاوسەنگ و باشی دەربڕی و دوای جەنگیش بە هەمانشێوە راگەیێندراوێکی زۆر باش و هاوسەنگی هەبوو".
قسەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشەکان
شانەی ئەمنیی عێراق 14ـی تەمموز لەبارەی هێرشەکەی خوورمەڵەوە رایگەیاند، "هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هەواڵگری لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم دەستدرێژییە".
دوای چەند هێرشێک، 04ـی تەمموز وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هەندێک هەواڵی پێگە جیاکانی عێراقی رەتکردەوە و رایگەیاند: "هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان نییە".
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند، "ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە کراون، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر."
رۆژی دواتر، لە راگەیێندراوێکدا سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: "ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە."
گوتەبێژەکەی سوودانی گوتی: "داوا دەکەین ئەگەر بەڵگە هەیە، پێشکێشی لایەنە حکومییە فەرمییەکانی بکەن."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی فیدراڵی هەرگیز لەسەر حیسابی ئاسایشی هاووڵاتییانی عێراق سازش ناکات و "دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری بدات."
دوای قسەکانی سەباح نوعمان، جارێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی دیکەی عێراق، لەپێناو دەركەوتنی راستییەكان و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی بکەران، رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بەداخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن."
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند: "لە ساڵانی رابردوو كە بە دەیان جار هەرێمی کوردستان بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی راستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ پێکهێنران، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ رێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر. "
دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، مەهدی کەعبی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی لە بزووتنەوەی نوجەبا بە رووداوی گوت، "ئێمە وەک بزووتنەوەی نوجەبا، بە هیچ شێوەیەک بەشدار نین لەم هێرشانەی ئەم دواییانە کە بە مووشەک و درۆن دەکرێن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سیاسیی نوجەبا دڵنیایی دا لەوەی "لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەت و بەرەی موقاوەمەی عێراقی هەیە بۆ بە ئارامی هێشتنەوەی دۆخەکە و، ئەنجامنەدانی هیچ جۆرە هێرش و جموجۆڵێکی سەربازی."
لەلایەکی دیکەوە محەممەد بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "هیچکات حەشدی شەعبی و بەدر هەوڵ بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەو شێوەیە نادەن، بەتایبەتی لەم ساتە هەستیارەدا. خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین و خاوەن ماڵیش زیان لە ماڵی خۆی نادات".