سوودانی داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات لەسەر هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆسەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان. ئاماژە بەوەش دەکات، سوودانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و تێروتەسەل دەستپێبکەن.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەممووزی 2025 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوو کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کرایەسەر، ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی عێراقییەکان و دەستدرێژییە بۆسەر هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و سەرخستنی کاروانی گەشەپێدان."
 
گوتەبێژەکەی سوودانی دەڵێت، "سرووشتی ئەم کارە تاوانکارییانە و کاتەکەی، ئاماژەن بۆ بوونی نیازێکی خراپەکارانە، کە ئامانجی تێکەڵکردنی کارتەکان و زیانگەیاندنە بە عێراق و دامەزراوە گرنگەکانی."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق "لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و فراوان دەستپێبکەن بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنانەی لەپشت ئەم هێرشانەوەن، لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری تووند بۆ لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان بەبێ هیچ سڵکردنەوە و دوودڵییەک."
 
گوتەبێژەکەی سوودانی دەڵێت، "حکومەتی عێراق بە هەموو دامەزراوە و دەزگاکانەوە، رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادات کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بگەیێنێت، هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری، بە جۆرێک کە رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە بگرێت و سەروەریی عێراق و مافەکانی گەلەکەی بپارێزێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەممووزی 2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشێکی "تیرۆریستی" کرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک لە سنووری پارێزگای دهۆک.
 
هێرشەکەی سەر کێڵگەی سەرسنک دوای ئەو هێرشە هات کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە کرایە سەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 11 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان.