تێزابی مەرگ لە تانجەرۆی سلێمانی؛ "هاوژینەکەم بە شێرپەنجە مرد و تۆمەتباران لە ئێمە بەهێزترن"

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی گوندەکانی باشووری سلێمانی کە نزیکی تانجەرۆن، باسی چیرۆکی تراژیدیی شێرپەنجە و بۆنی ناخۆش و ژینگەی خراپی ناوچەکەیان دەکەن، پاشماوەی کارگەکان و فڕێدانی پاشماوەی تێزاب بە ناتەندروستی هێدی هێدی خەریکە شوێنی ژیانیان پێ چۆڵ دەکات.
 
عەلائەدین ئیبراهیم، دانیشتووی گوندی چەقڵاوە دەڵێت، "بە ترێلە تێزاب دەکەنە ناو ئەو چەمەوە، هاوژینەکەی خۆم تووشی شێرپەنجە بوو و مرد."
 
هیدایەت محەممەد، دانیشتووی گوندی ناوگردان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا قوڕگم دەدۆخێتەوە و دۆخمان زۆر خراپە."
 
ماوەیەکە کەم شوێنی گوندی چەقڵاوەی سلێمانی هەیە، پاشماوەی فڕێدراوی تێزاب جۆگەی نەبەستبێت و بەسەر زەوییەکەیدا بڵاونەبووبێتەوە. شەوانە و بە نهێنی تانکەر دەچن لەسەر زەویی کشتوکاڵی، نزیک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و ئاوی تانجەرۆ ئەو پاشماوە زیانبەخشانە فڕێدەدەن.
 
شێخ محەممەد فەقیرە، دانیشتووی گوندی چەقڵاوە باسی لەوە کرد، "ئەو تێزابە دەچێتە نێو سەرچاوە ئاوییەکانمان و هەمووی دەرد و نەخۆشییە."
 
محەممەد عەبدوڵڵا، موختاری گوندی چەقڵاوە و ناوگردان گوتی، "چووینەتە هەر شوێنێک بۆ چارەسەر، گوتوویانە بەسەرچاو، بەڵام ئەنجامی نەبووە، چونکە تۆمەتباران پشتیان لە ئێمە بەهێزترە."
 
بەپێی گوتەی پسپۆڕانی ژینگە، پاشماوەی تێزاب زیانی گەورەی ژینگەیی و تەندروستیی هەیە، بە شێوەیەک کە هۆکارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ژینگە دەمێنێتەوە.
 
عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆی گەرمیان و شارەزای ژینگە دەڵێت، "ئەو تێزابە زۆر خراپە، هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی پێست و کۆئەندامی هەناسە و هەرس."
 
ناوگردان، چەقڵاوە و بەردەکەڕ ئەو گوندانەی کە پاشماوەی کارگەکان و تێزاب زیانی پێگەیاندوون، دەکەونە سەر شەقامی 100 مەتری و خەڵکەکەی سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس لەسەر فڕێدانی پاشماوەی تێزاب دەستگیر نەکراوە.