هاوسەرۆکی دەم پارتی: بەبێ پاڵپشتیی ئۆپۆزیسیۆن پرۆسەی چارەسەری سەرناگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری بەبێ پاڵپشتیی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا سەرناگرێت؛ داواش دەکات، هیچ لایەنێک پرۆسەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکارنەهێنێت.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی شەوی دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، ئەو دەنگۆیانەی 'رەتکردنەوە' کە باس لە چوونی دەم پارتی بۆ نێو هاوپەیمانی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) دەکەن و گوتی: ''شتێک نییە بە ناوی هاوپەیمانیی سێ قۆڵی. پرۆسەی ئاشتی پرۆسەیەک نییە بە سێ پارت بەڕێوەبچێت، ئێمە پێویستمان بە هاوپەیمانیێتییەکی فراوانی کۆمەڵگەیی هەیە''.
 
ئەو دەنگۆیانە دوای ئەوە هاتن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 12ی ئەم مانگە، لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەوان وەک ''ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی'' پرۆسەی چارەسەری بەرەوپێش دەبەن. 
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆڵی بەشێک لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە 'بەرز' نرخاند و گوتی: ''لە پرۆسەی 2013-2015دا پاڵپشتیێکی لەو شێوەیەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ پرۆسەکە نەبوو. بۆیە پرۆسەی ئەم جارە بەبێ پاڵپشتیی ئۆپۆزیسیۆن سەرناگرێت''.
 
 پرۆسەی چارەسەریی پێشوو، لە 2013 لە نێوان حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکرد و تاوەکو ساڵی 2015 بەردەوام بوو.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری داوای لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد، پرۆسەکە بۆ هیچ بەرژەوەندیێکی سیاسی بەکارنەهێنن؛ گوتیشی: ''دەبێت لە سایەی ئەم پرۆسەیەوە دیموکراسی و ئاشتی پێشکێشی 86 ملیۆن کەس بکرێت، پێویستە هەموو لایەنەکانیش بەو تێگەیشتنەوە لە پرۆسەکە بڕوانن''.
 
هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان و یەکەم کەس چەکەکەی سووتاند.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.