دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی رێکاری نوێ رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل رایدەگەیێنێت، لە ئەمڕۆوە بە مەبەستی نەهێشتنی قەرەباڵخی، میکانیزمی نوێی چوونی گەشتیاران بۆ تورکیا جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی سیستمە نوێیەکە، دوو رێگە دەکرێنەوە بۆ ئەوەی گەشتیاران لێیەوە بچنە تورکیا، بەوەش ئیدی نۆرەی ئەو گەشتیارانەی کە لە ماوەی 15 رۆژدا سەردانی تورکیایان نەکردووە، جیادەبێت لەو گەشتیارانەی کە بەردەوام یانیش رۆژانە هاتووچۆی تورکیا دەکەن، بۆ هەر مەبەستێک بێت.
کامی کەمال، گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو هەنگاوە لەدوای کۆبوونەوە و هەوڵی سەرپەرشتیارانی دەروازەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا هاتوووەتە ئاراوە و ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئەنجام و لایەنی تورکیاش بۆ ئەو مەبەستە هاوکاریی پێشانداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژانە پێنج هەزار بۆ 10 هەزار گەشتیار لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل هاتووچۆ دەکەن کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانەوە گەشت دەکەن.