لە ئاگرەکەی باڵەکایەتی نزیکەی شەش هەزار دار سووتان؛ 'بە دەستی ئەنقەست بووە'
رووداو دیجیتاڵ
لە بەرزاییەکانی دەوروبەری ناحیەی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەکایەتی، لەماوەی مانگێکدا 10 جارە رووداوی ئاگرکەوتنەوە روودەدات و هەر جارەی رووبەرێکی فراوانی لێ دەبێتە خەڵووز، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن 'ئاگرەکان بە دەستی ئەنقەست دەکرێنەوە.''
سەرباز ئەحمەد، موختاری ناحیەی گەڵاڵە دەڵێ "ئەو ئاگرە بەدەست تێی بەردەدرێت. ئەوە نییە بڵێم رووداوێکی لەناکاوە. ئەوە دەیەمین جارە ئاگری تێبەردەدرێت. بایەکی بەهێز دێت بۆیە تاوەکو لایەک کۆنترۆڵ دەکەین، لایەکی دیکە ئاگر دەگرێت و ئەگەر بەردەوام بێت، ئاگرەکە دەڕوات تا دەگاتە کوێستانەکان."
داری قەزوان، بەڕوو، مازوو، گێوژ و کرۆسکی خۆڕسک کە ساڵانێکی زۆرە ناوچەکەیان بە سەوزی هێشتبووەوە هەموویان سووتان. لە پانتاییەکانی خواروو تاوەکو سەر لووتکەی چیاکان و ئەو شوێنانەی پڕبوون لە گیا بەهارییەکانی رێواس، کەنگر و کوارگ، هەموویان بوونە یەک پارچە ئاگر.
رەمەزان خۆشکانی، بەرپرسی فەرمانگەی رەزگەریی گەڵاڵە دەڵێ "داری بەڕوو، مازوو، گێوژ و قەزوان و جۆرەهای دیکە، بەداخەوە سووتاون، رەنگە تەمەنی ئەو دارانە 50 ساڵ زیاتر بێت."
بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، پێنج تیمی بەرگریی شارستانی، دەیان پێشمەرگە و هاونیشتمانی لە هەوڵدابوون.
ئیدارەی سنوورەکە، لەپاڵ هەوڵیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەدوای ئەو دەستەدا دەگەڕێن، کە لەنیوە شەواندا ئاگر لە سنوورەکە بەردەدەن و تائێستا نازانن کێن.
هەردی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی گەڵاڵە بە رووداوی گوت "دوێنێ شەو کاژێر 11:30 پەیوەندیمان پێوەکرا کە دەستێکی نادیار ئاگری لە سنووری ناحیەی گەڵاڵە بەرداوە و، رووبەرێکی زۆر سووتاوە. تائێستا بەرگریی شارستانی هیج خەمڵاندنێکی بۆ زیانەکان نەکردووە."
بەڕێوەبەری ناحیەی گەڵاڵە هەروەها گوتی "ئەو رووداوە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە؛ بە دەنگۆ پێمان گەیشتووە کە دەستێکی نادیارە، کەس نازانێت کێیە و، کەسیش تائێستا سکاڵای تۆمار نەکردووە."
دوای 16 کاژێر لە ئاگرەکە، توانرا کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاند کە بریتییە لە سووتانی رووبەری نزیکەی چوار هەزار دۆنم پووش و پاوان و نزیکەی شەش هەزار داری سرووشتی و لەوەڕگەش.